عادل عەبدولمەهدی توانی پەیوەندییەكانی بەغداد و هەرێم ئاسایی بكاتەوە

09:23 - 03/02/2019
عێراق

كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دوای 100 رۆژ
عادل عەبدولمەهدی سەردانی هیچ وڵاتێكی نەكردوە
عادل عەبدولمەهدی كاری بۆكەمكردنەوەی بێكاریی و هەژاریی نەكردوە

100 رۆژ بەسەركابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا تێپەری كە بەشەشەمین كابینەی حكومەتی عێراق لەدوای سالی 2003وە دادەنرێت، لەو ماویەشدا كۆمەڵێك دەستكەوتی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەریشدا بێ كەموكوڕی و خاڵی لاواز نەبوە، لەم راپۆرتەدا دەستكەوت و كەموكوڕییەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە 100 رۆژی یەكەمی تەمەنیدا دەخەینەڕوو.

عادل عەبدولمەهدی  100 رۆژی لەبەرێوەبردنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا بەرێكرد، سەرەرای جێبەجێكردنی كۆمەڵێك بەڵێن و  هەنگاوی گرنگ، بەڵام لەبەرامبەر بەشێك لە كێشەكانی عێراقدا دەستەوستانەو هەنگاوی پێویستی بۆچارەسەركردنیان نەناوە.

ماڵپەری سۆمەرییە نیوز، بەپشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی عێراقی هەڵسەنگاندنی بۆ 100 رۆژی یەكەمی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كردوە، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەش عادل عەبدولمەهدی دەستكەوتی بەرچاوی بۆ عێراق بەدەستهێناوە. 

كردنەوەی ناوچەی سەوز و شەقامە داخراوەكانی بەغداد یەكێكە لەدیارترین دەستكەوتەكانی ئەم كابینەی حكومەتی عێراق، لە 100 رۆژی یەكەمی تەمەنیدا و جێبەجێكردنی یەكێك لەو بەڵێنانەیە كە عادل عەبدولمەهدی بە هاوڵاتیانی عێراقییدا.

پاش بەرێكردنی قۆناغێكی پر لەئاڵۆزی لە نێوان بەغدادو هەولێردا كە تا ئاستی پێكدادانی سەربازی رۆیشت، عادل عەبدولمەهدی سەركەوتو بوو لەئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند و توانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێككەوتن بكات بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە رێی بەندەری جەیهانەوە، ئەوەش وەك دەستكەوتێكی عادل عەبدولمەهدی و 100 رۆژی یەكەمی كابینەكەی ئاماژەی پێكراوە.

لەو ماوەیەی سەرۆكی وەزیرانی عێراق بووە، عادل عەبدولمەهدی 24 داوەتنامەی بۆ سەردانی وڵاتانی جیهان پێگەیشتوە، بەڵام هیچ سەردانێكی ئەنجام نەداوە لەنێو ئەو وڵاتانەش كە داوەتنامەیان ئاڕاستە كردوە ئەمریكا و بەریتانیاو فەرنسا و روسیای تێدایە.

لە بەرامبەر ئەو دەستكەوتانەشدا بێ‌ كەموكوڕی ‌و خاڵی لاواز نەبووە، پڕنەكردنەوەی سێ‌ پۆستی وەزاری گرنگی كابینەكەی بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكانەوە یەكێكە لە دیارترین خاڵە لاوازەكانی عادل عەبدولمەهدی.

لە ماوەی دەسەڵاتداریەتی عادل عەبدولمەهدیدا ئامارەكانی هەژاریی و بێكاریی هیچ گۆرانكارییەكیان بەسەردا نەهاتوو رەوشی خزمەتگوزاریش لەناوچە تازە ئازاد كراوەكان، كە لە 48 شارو شارۆچكەی باكور و خۆرئاوای عێراق پێكدێن، بەرەوپێشچوونی بەخۆوە نەدیوە، ئەوەش وەك لایەنێكی نەرێنی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ئاماژەی پێكراوە.

بەهۆی پشتیواننەكردنی لەلایەن هیچ هێزێكی سیاسی دیاریكراوەوە، بەشێك لەچاودێرانی دۆخی عێراق پێیانوایە، كە چاوەڕوانكراوە عادل عەبدلمەهدی لە بەرێوەبردنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا روبەروی ئاستەنگی گەورەببێتەوە، بە تێڕوانین لەهەنگاوەكانی 100 رۆژی یەكەمی حكومەتەكەی رەنگە لە كۆتایی تەمەنی كابینەكەیدا پێچەوانەی ئەو بۆچونە بسەلمێنێت.

 

عادل عەبدولمەهدی ناوچەی سەوز و شەقامە داخراوەكانی بەغدادی بەڕووی هاوڵاتییاندا كردەوە
عادل عەبدولمەهدی توانی پەیوندییەكانی هەولێر و بەغداد ئاسایی بكاتەوە
 عادل عەبدولمەهدی  وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هیچ وڵاتێكی نەكردوە
 24 وڵات بانگهێشتنامەیان ئاڕاستەی عادل عەبدولمەهدی كردوە
 دوای 100 رۆژ پۆستی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و داد لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا پڕنەكراونەتەوە
 ئامارەكانی هەژاری و بێكاری وەك خۆیان ماونەتەوە
 عادل عەبدولمەهدی نەیتوانیوە خزمەتگوزاریی بگەیەنێتـە ناوچە ئازادكراوەكان

1774 جار خوێندراوەتەوە