بەڕێوەچوونی زەماوەندی پیر شالیار لە هەورامانی تەخت

05:11 - 01/02/2019
گەلەری

  هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بە بەشداری هەزاران كەس لە دانیشتوانی ناوچەكە و شارەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، رێوڕەسمی زەماوەندی پیر شالیار لە ناوچەی هەورامانی تەخت لە پارێزگای سنە بەڕێوەچوو. زەماوەندی پیر شالیار, كە مێژوەكەی بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە, ساڵانە لە دوو كاتی جیاوازدا بە چەندین مەراسیمی جیاجیای ئاینی و دروستكردن و بەخشینەوەی خواردن بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ‌ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

زەماوەندی پیر شالیار ساڵانە لە دوو كاتی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت، یەكەم لە ناوەڕاستی وەرزی زستان كە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، دووەم لە ناوەڕاستی وەرزی بەهاردایە و بە رێوڕەسمی كۆمسا ناسراوە.

زەماوەندی پیر شالیار, ڕێوڕەسمی تایبەت بەخۆی هەیە و بەجۆرێك, رۆژی یەكەم لە چوارشەممەوە لە بەری بەیاندا بە كڵاورۆژنە دەستپێدەكات و لەلایەن منداڵانەوە گوێزی باخی پیرشالیار, بەسەر منداڵ و ماڵانی شارەدێیەكەدا بڵاودەكەنەوە، دواتر بە ئەنجامدانی قوربانی و دابەشكردنی گۆشتەكەیی و ئامادەكردنی خوان بۆ بەشداربوانی رێوڕەسمەكە، هەروەها ژەنینی دەف و تەهلیلەی دەروێشان و سروتە ئاینییە عیرفانییەكان لەلایەن گەنجان و پیرانی هەورامانەوە بەڕێوە دەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.

لە كۆنەوە دانیشتووانی ناوچەی هەورامانی تەخت ساڵانە لە رۆژی زەماوەند و ئاهەنگی هاوسەرگیری پیرشالیار كە ئەفسانە و چیرۆكی تایبەت لەسەر هاوسەرگیرییەكەی هەیە، رێوڕەسمی زەماوەندی پیرشالیار دەكەنەوە كە وەك سەرپەرشتیارانی زەماوەندەكە دەڵێن، مێژووەكەی بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە.

پیر شالیار كەسایەتییەكی كۆنی ناوچەی هەورامانی تەختە و مەزارەكەشی دەكەوێتە هەمان ناوچەكەوە كە رۆژانە خەڵك سەردانی دەكەن، لە بارەی كەسایەتی و ئاینی پیر شالیارەوە سەرچاوە مێژوییەكان و دانیشتووانی ناوچەكەش رای جیاواز هەیە، بەڵام هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی لە سەردەمی خۆیدا پیرێكی ئاینداری خۆشەویست بووە لەلای خەڵكی ناوچەكە.

966 جار خوێندراوەتەوە