ئوسترالیا؛ پلەی گەرما ریكۆردێكی مێژوویی تۆمار دەكات

03:50 - 25/01/2019
جیهان

حكومەتی ئوسترالیا بەهۆی گەرماوە هۆشداریی داوەتە هاوڵاتیان

بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە ئوسترالیا ژیانی هاوڵاتیانی زەحمەتكردووە و حكومەتی ئەو وڵاتە هۆشداریی پچڕانی خزمەتگوزارییەكانی داوەتە هاوڵاتیان. 

ڕۆژی پێنجشەممە، لە شاری ئەدێلەید-ی ئوسترالیا پلەی گەرما گەیشتە 46 و لە دەیا 6. ئەمەش بەرزترین پلەی گەرمایە كە تاكو ئێستا لەو وڵاتەدا تۆماركرابێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 1939دا، پلەی گەرما لەو شارە گەیشتبووە 46 و پۆینت یەك.

بەپێی دوایین ئامارەكان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا 53 رووداوی ئاگركەوتنەوە تۆماركراون كە 29 یان بە تەواوی كۆنترۆڵ نەكراون. لە هەرێمی تازمانیا-ش 500 كارمەندی ئاگركوژێنەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكان تەرخانكراون. بەهۆی بوونی بایەكی زۆریشەوە كاری فڕۆكەكانی تایبەت بە كوژاندنەوەی ئاگر زەحمەتتر بووە.

حكومەتی ئوسترالیاش لە نوێترین راگەیەندراویدا هۆشداریی دایە دانیشتوانی مێلبۆرن-ی پایتەختی ویلایەتی ڤیكتۆریا لە پچڕانی كارەبا بەهۆی گەرماوە.

4928 جار خوێندراوەتەوە