جەواد زەریف وەك پایتەختی سێیەم مامەڵەی لەگەڵ سلێمانیكرد

08:34 - 16/01/2019
ئابوری

كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت قەبارەی بازرگانی لەگەڵ سلێمانی زیاتر بكات

بایەخی سلێمانی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران تادێت زیاتر دەبێت، هەر ئەوەش وایكرد وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هاوشێوەی بەغدا و هەولێر وەك پایتەختی سێیەم لە عێراقدا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكات، ئێستاش كە ئەو وڵاتە روبەروی سزاكانی ئەمریكا بۆتەوە چاوی لەوەیە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ سلێمانی زیاتر بكات.

بەپێچەوانەی سەردانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی تر، كە تەنها دێنە هەولێر، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران جگە لەوەی سەردانی هەولێری كرد، هاتە سلێمانی و بەشداری كۆڕبەندی ئابوری بازرگانانی سلێمانی و ئێرانی كرد.

هاتنی زەریف بۆ سلێمانی، هەروا سەردانێكی رۆتین نەبوو، قەبارەی بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سلێمانی هێند گەورەیە كە ناكرێت نادیدە بگیرێت.

ئەوەتا سەركونسوڵی ئەو وڵاتە لە سلێمانی دەڵێت، شارێك نیە لە دونیا هێندەی سلێمانی كاڵای ئێرانی بەكاربهێنێت.

لەنێوان عێراق و ئێران 11 خاڵی گومرگی هەیە، حەوتیان لە سلێمانین و یەك دانەیان لە هەولێرە
60% تەواوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران لەرێگای هەرێمی كوردستانەوەیە
ساڵانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی سلێمانی و ئێران 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە
هەر كەسێك لە سلێمانی هەزار دۆلاری لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەكەوێت.


ئێرانیەكان، تەنها بەو ژمارانەوە ناوەستن، دەیانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیان گەورەتر بكەن، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەڵێنی گەورەتری بە بازرگانانی سلێمانیداوە.

بۆ گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕ و قەبارەی بازرگانی جەواد زەریف بڕیاریداوە 5 شاری پیشەسازی لە عێراقدا دروست بكات  كە دوانیان دەكەوێتە سنوری سلێمانی و گەرمیانەوە و لە داهاتویەكی نزیكدا بیخاتە بواری جێبەجێكردنەوە, بەشێكی دیكەی كۆبونەوە گفتوگۆكانی جەواد زەریف و نوێنەری حكومەت و بازرگانان لە هەرێم تایبەت بووە بە كەرتی گەشتیاری كە هەرێم لە ڕووی ئابوریەوە سودێكی زۆری لێبینیوە بەڵام ئێران رۆتیناتی دروستكردووە و هەرێم داوای چارەسەری گرفتەكەی كردووە. 

ئێرانیەكان هەرزوو هەستیان بە بایەخی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سلێمانی كردوە، بەڵام ئەوەی وایكردوە ئێستا زیاتر چاوییان لەسەری بێت سزاكانی ئەمریكایە بۆسەر ئەو وڵاتە، كە وایكردوە بەچاوێكی پڕ بایەخترەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لە سلێمانی بڕوانن.

2807 جار خوێندراوەتەوە