ورده‌كاری كوشتنی باوك و كوڕێك له‌سه‌ر كۆترێك له‌هه‌ولێر

08:19 - 13/01/2019
کوردستان

لەسەر كۆترێك، كوڕو باوكێك لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر كوژران و سیانی تریش برینداربوون، كەسیش لەسەر ڕووداوەكە هێشتا دەستگیر نەكراوە، ئەوەش هاوشێوەی ئەو ڕووداوانەیە كە پێشتر لەسەر كێشەی لاوەكی تەشەنەیان سەندووەو یەكتریان لەسەر كوشتووە، توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش هۆكاری ئەو ڕووداوانە بۆ هەبوونی چەك لەنێو ماڵەكاندا دەگێڕێتەوە.

بەرەو گەرەكی مامزاوای هەولێر دەڕۆین، لەوێ پرسەی كوڕو باوكێك هەیە  كە لەسەر فرۆشنی كۆترێك كوژراون، پۆلیس هێشتا لەسەر ڕووداوەكە زانیاری پێویستی نەداوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ئەم كۆترە بە هەشت هەزار دیناری عێراقی بە گەنجێك فرۆشراوە، بەڵام دواتر لەسەر جۆری فڕینی كۆترەكە دەبێتە شەڕ لەنێوان كڕیارو فرۆشیارەكەدا كە دراوسێی یەكترن و تەقە لەیەكتر دەكەن، لە ئەنجامدا دوو كەسیان لێ  دەكوژێ و سیانی تریش بریندار دەبن.

شاهید حاڵەكان باس لەوە دەكەن، تەشەنەسەندنی شەڕەكە پەیوەندی بە كۆنە قینەوە هەبووە لەنێوان ئەم دوو خێزانەو پێشتریش ناكۆك بوون بەیەكەوە، 

هەرچەندە پۆلیس ئامادە نەبوو لەوبارەیەوە قسە بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، تائێستا كەس لەسەر رووداوەكە دەستگیر نەكراوەو كێشەكەش بەهەڵواسراوی ماوەتەوە.

توێژەرێكی كۆمەلایەتیش پێیوایە، دیاردەی چەك هەڵگرتن لەنێو هاوڵاتیاندا هۆكاری تەشەنەسەندنی كێشەكانە، دەشڵێ: لەماوەی رابردوودا لێپێچینەوە بەرامبەر تەقەكەران نەكراوە، ئەوەش دەستی خەڵكانی تری ئاوەڵە كردووە.
كوشتنە بە ئەنقەسەكان لەسەر ڕووداوی بچوك لە هەولێر

 

كوشتنی گەنجێك لەسەر فوول لایت
كوشتنی گەنجێك لەسەر هۆڕن لێدان
كوشتنی هاوڵاتیەك لەسەر جۆگەی ئاو
كوشتنی گەنجێك لەسەر دەست شكاندنەوەی ئۆتۆمبێل
كوشتنی گەنجێك لەسەر سەرچۆپی و شایی
كوشتنی هاوڵاتیەك لەسەر 20 مەتر زەوی


ئەم كۆترە كە پێیدەوترێ نامە بەر، لە تەواوی جیهاندا بایەخی ئەوتۆی پێ دەدرێت بەتایبەت لای چینییەكان، لەهەندێ شوێن نرخەكەیان لە 10 هەزار دیناری عێراقییەوە بۆ سەدان هەزار دۆلار دەستپێدەكات، بەوپێیەی خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن، هەروەها ساڵانە پێشبڕكێی گەورەیان بۆ ساز دەكرێت، ئەویش چەند جۆرێكیان هەیە كە دیارترینیان هۆڵەندی و بەلژیكی و هۆڵەندین.

بەپێی ئامارەكانی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێریش، تەنیا لەسالی 2018دا 44 حالەتی كوشتنی بەئەنقەست هەبووە، بەراورد بە چەند ساڵی رابردووش رووداوە كۆمەڵایەتیەكان تەشەنەیان سەندووە.

23455 جار خوێندراوەتەوە