ئاسایشی سلێمانی تەنها ژنە دەسگیركراوەكانی تەڤگەری ئازادی و منداڵەكانی ئازادكرد

08:30 - 12/01/2019
کوردستان

تائێستا زیاتر لە 30 ئەندامی تەڤگەری ئازادی لەزیندانی ئاسایشدان لەكانی گۆمە 
تەڤگەری ئازادی: ئاسایش پێی وتین ئێوە ڕێگرن لەكردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕووی توركیادا


تائێستا زیاتر لە 30 ئەندامی تەڤگەری ئازادی ‌و چالاكوان ‌و پارێزەر لە زیندانی ئاسایشی سلێمانیدان لەكانی گۆمە، ئەو ژن‌و مندڵانەی ئازادیشكراون داوای پڕكردنەوەی بەڵێننامەیان لێكراوە، یەكێك لەو دەستگیركراونەی كە شەوێك لەزیندانی ئاسایشدا بوون دەڵێت: ئاسایش پێیان ڕاگەیاندین: ئێوە هۆكارو بەپرسن لە دەستپێنەكردنەوەی گەشتەكانی توركیا بە ڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا.

هەڵمەتی ئاسایشی سلێمانی بۆ دەستگیركردنی كادر و ئەندامان و چالاكانی سەر بەو حزبانەی كە نزیك لە پەكەكەن تا دێت فراوانتر دەبێت. 

دوای ئەوەی رۆژی هەینی ئاسایشی سلێمانی نزیكەی 70 كادرو ئەندامان و چالاكی تەڤگەری ئازادی و ڕژاكی دەستگیركرد تا ئێستا 30 لەو ئەندامانە لەناو زینداندا ماونەتەوە و ڕەوانەی گرتوخانەی كانی گۆمە كراون لە سلێمانی. 

یەكێك لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی رایگەیاند: ئاسایش پێی وتون ئیوە هۆكاری ئەوەن كە گەشتەكانی توركیا بەڕووی سلێمانیدا ناكرێتەوە.

ئەوانەی ڕۆژی هەینی بۆ بینینی فیلمی ساكینە جانسز، چووبونە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی و دەستگیر كران، تەنها چالاكی سیاسی نەبوون بەڵكو پارێزەر و خەڵكانی سەربەخۆشی تێدابوو كە دەستگیركرابوون، لە ناو دەستگیركراوەكاندا منداڵی دوو مانگ تا سێ‌ ساڵانی هاوشێوەی وەك فەرهادی تێدابوو كەشەو رۆژێك لەزیندان نانی نەخوارد و ئەویش وەك دایكی مانی لەخواردن گرتبوو، وەك خۆشیان دەڵێن: لە ساتی دەستگیركردنیاندا لەلایەن ئاسایشەوە ئەشكەنجەی ئەو ژنانەدراوە كە دەستگیر كراون.

235 جار خوێندراوەتەوە