ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن مەرجی بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت ئاشكرادەكات

01:56 - 12/01/2019
کوردستان

د. شۆڕش حاجی: بەشداریكردن لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزیسیۆن دوو بژاردەی وەك یەك كراوەن 
د. شۆڕش حاجی: گۆڕان كاتێك بەشداری حكومەت دەكات رۆڵی هەبێت لە دانانی كارنامەكەیدا

 
د. شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بەشداریكردن لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزیسیۆن دوو بژاردەی وەك یەك كراوەن لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا.

 

ئاشكراشیدەكات، گۆڕان كاتێك بەشداری حكومەت دەكات رۆڵی هەبێت لە دانانی كارنەمەكەیدا.

بزوتنەوەی گۆڕان شاڕێگای بڕیاردانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت یاخود بون بە ئۆپۆزسیۆن دیاریدەكات و تەئكید دەكاتەوە وەك چۆن لە 10 ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان هەرگیز لە پرەنسیپەكانی لاینەداوە و بەرژوەندی خەڵك لەچیدا بوە ئەوەیكردوە هەنگاوی داهاتوش هەر ئاراستەیە دەبێت.

 

لەوبارەیەوە د. شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەوتارێكدا بەناونیشانی گۆڕان چۆن بەشداری لەحكومەتی هەرێمدا دەكات دەڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەكی جەماوەری سیاسییەوگۆڕانكاری لەسیستمی حوكمڕانی و چاكسازی لەجومگەكانی دەسەڵات لە كوردستانی ئامانجی سەرەكیەتی.

 

دەشڵێت: بزووتنەوەی گۆڕان، تا ئەم ساتەوەختەش، خەباتی مەدەنی بە شاڕێی گۆڕانكاری دەزانێت لە هەرێمی كوردستان، لەبەر رۆشنایی ئەو راستییەش بەرنامەی سیاسی ‌و شێوازی كاری خۆی داڕشتووە و بەو پێیەش هەنگاوەكانی داهاتووی دیاریدەكات.

 

پرسی هەڵبژاردن و سەنگ و قورسایی حزبەكان بابەتێكی ترەو لەو بارەیەوە د. شۆڕش حاجی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە، هەڵبژاردنەكان پڕ بوون لە تەزویر و ساختەكاری‌ و رێژەیەكی كەمی هاووڵاتیان بەشداریان لەو پرۆسەیەدا كرد.

 

‌هەر بۆیە ژمارەی كورسی‌ و دەنگی راگەیاندراوی لایەنە سیاسییەكان گوزارشت لە سەنگ ‌و پێگەی راستەقینەی لایەنەكان ناكەن، سەرەڕای ئەوەش بزوتنەوەی گۆڕان بەبەرپرسیارانەوە پێشوازی لەپارتی دیموكراتی كوردستان كرد، بۆ گفتوگۆ و پێكهێنانی كابینەی نوێ.

 

ئەو ئەندامەی خانەی راپەراندن ئاشكرایدەكات، بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتووی هەرێم‌ یان بوون بە ئۆپۆزیسیۆن دوو بژاردەی وەك یەك كراوەن لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا. هیچكام لەو دوو بژاردەیەش سەد لە سەد باش‌ و ئەوەكەی تر بە تەواوی خراپ نییە تاكو بتوانرێ بە ئاسانی یەكێكیان هەڵبژێردرێ.

 

پرسی چاكسازیی و بەنیشتمانیكردنی دامەزراوەكانی هەرێم و هەنگاو نان بۆگێڕانەوەی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و باشكردنی دۆخی بژێوی خەڵك و خزمەتگوزارییەكان و بنبڕكردنی گەندەڵیی و چەندان بواری دیكە یەكێكی دیكەیە لەو پرەنسیپانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی بەشداریكردن لەحكومەتدا كاری بۆدەكات لەم ڕوەوە د. شۆڕش حاجی نوسیویەتی، بزووتنەوەی گۆڕان كاتێك بەشداری لە حكومەتی داهاتووی هەرێمدا دەكات كە رۆڵی هەبێ لە دانانی بەرنامەی كاری ئەو كابینەیە بۆ ئەوەی داكۆكی لێبكات و كار بۆ جێبەجێكردنی بكات ((( لای بزوتنەوەی گۆڕان، كارنامەی حكومەت ئەولەویەتی یەكەمە))).

 

لە كۆتایی وتارەكەیدا ئەو ئەندامەی خانەی راپەراندن نوسیویەتی، ناكرێ‌ و نابێ چیتر چاوپۆشی لەوە بكرێ كە دوای 27 ساڵ لە حوكمڕانی كوردی ئێستاش حكومەتی هەرێم خاوەنی هێزی چەكداری نیشتمانی ‌و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی نەبێت‌ و ئەزموونەكەمان، كە بە خوێن‌ و فرمێسكی سەدان هەزار كەس بەدەست هاتووە، هەموو ساتێك لەبەردەم ترس‌ و دڵەڕاوكێی ئەگەری بەكارهێنانی هێزی چەكداری حیزبی‌ دژ بەیەك‌ و لەتكردنی ئەو بەشە بچووكەی هەرێم دابێ.

 

ناشكرێت داهاتی هەرێم دیارنەبێت و بڕەكەی بەپێشبینی و بۆچونی ئەم و ئەو بخەمڵێنرێت و خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاووكارەباو تەندروستیی و پەروەردە لەنزمترین ئاستدابن و دادگاكانیش سەربەخۆ نەبن و هاوڵاتیانیش متمانەیان بەسیستمی دادوەری لەهەرێمدا نەبێت.

1913 جار خوێندراوەتەوە