حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی دوو ئیدارەیی بەرپرسانی یەكێتی و پارتیدا

07:37 - 11/01/2019
کوردستان

دوای 12 ساڵ لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسانی یەكێتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی دەكەن، وەك چۆن پێشتریش بەرپرسانی پارتی لەسنوری قەڵەمڕەوی ئیدارەی پێشوی پارتیدا وەك حكومەتی پارتی مامەڵەیان كردوە نەك حكومەتی هەرێم، KNN لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە، كە  هەرێمی كوردستان سەردەمی دوو ئیدارەیی تێپەڕندوە یان نا؟ بۆچی یەكێتی و پارتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لەیەكتر دەكەن؟ ئەم هەڕەشانە تاچەند مەترسین بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ؟

ساڵی 2006 هەردوو ئیدارەی حكومەتی هەرێمی پارتی و یەكێتی لەژێر ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكیان گرتەوە، لەو كاتەوە تائێستا  لەچەندین وێستگەی جیاوازدا ئەو دوو هێزە هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لەیەكتر دەكەن، كە دواین جار ئەو هەڕەشەیە لەلایەن بەرپرسانی باڵای یەكێتیەوە بوو لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیی حكومەتی هەرێم.

هێزە چەكدار و دامەزراوە ئەمنیەكان لە هەرێمی كوردستان

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە لەهەرێمی كوردستان لە 12 ساڵی رابردوودا ئەو حكومەتەی هەبوە تاچەند حكومەتێكی یەكگرتوو بوە؟ هەڕەشەی ئەو دوو هێزە لەیەكتر بە گەرانەوە بۆ دوو ئیدارەیی تاچەند هەڕەشەی جدین؟

بۆ وەڵامی پرسیاری یەكەم، دەبێت سەیری پێكهاتەی ئەو حكومەتە و دەسەڵاتەكانی بكەین:
لە هەرێمی كوردستان بەناو وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، بەڵام دوو هێزی 70 ی یەكێتی و 80 پارتی هەن، كە لەژێر فەرمانی بەرپرسانی ئەو دوو حیزبەدان نەك وەزارەتی پێشمەرگە.

لە هەرێمی كوردستان هێزێكی ئاسایشی یەكگرتوو نیە، لە هەولێر و دهۆك ئاسایشی پارتی هەیە و لە سلێمانی ئاسایشی یەكێتی هەیە.
لە هەرێمی كوردستان یەك دامەزراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و كاری نهێنی نیە، لە هەولێر دەزگای پاراستنی پارتی و دژەتیرۆر سەر بە پارتین، لە سلێمانیش بەهەمان شێوە دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری هەیە كە سەر بە یەكێتین.

لە هەرێمی كوردستان تەنانەت هێزێكی پۆلیسی یەكگرتوش نیە، ئەوەتا هەردوو پۆلیسی سلێمانی و هەولێر یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەوەی لەسنوری یەكتر تۆمەتباران داڵدە دەدرێن.

لە هەرێمی كوردستاندا بودجە، بەپێی ژمارەی دانیشتوان و پێویستی پرۆژەكان دابەش ناكرێت، هێشتا وەك سەردەمی دوو ئیدارەیی 57% بە 43% بودجەكە دابەش دەكرێت.

چاودێرێكی سیاسی بە KNNی وت، جگە لە زمانی ژمارەكان، هەركەسێك لەم وڵاتە بژی ئەزانێت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها بەناوە و هیچ بەرپرسێكی پارتی لە سنوری ئیدارەی پێشوی یەكێتی دەسەڵاتی نیە و بەهەمان شێوەش هیچ بەرپرسێكی یەكێتی لە سنوری ئیدارەی پێشوی پارتی دەسەڵاتی نیە.

ئەو چاودێرە ئەوە بە نمونە دەهێنێتەوە، كە نێچیرڤان بارزانی، كە سەرۆكی حكومەتە دەسەڵاتی ئەوەی نەبوە كادرەكەی پارتی ئازاد بكات كە لەلایەن یەكێتیەوە دەستگیركرابوو، وەك چۆن قوباد تاڵەبانیش نەیتوانیوە كادرەكەی یەكێتی رزگار بكات كە لایەن پارتیەوە دەستگیركرابوو، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە، كە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی هەریەكەیان لە سنوری دەسەڵاتی حیزبەكەیان بریارەكانیان گوێ‌ لێگیراون.

سەرەڕای ئەوەی لەكوردستاندا حكومەتی هەرێم وەك دامەزراوەیەكی یەكگرتوو دەرناكەوێت، بەڵام هێشتا ئومێدێكی بە خەڵك بەخشیوە، كە چیتر كوردستان نەگەڕێتەوە سەردەمی ئەمارەتەكان و دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ، بەڵام بەرپرسانی پارتی و یەكێتی بێ‌ دوو دڵی لەزۆر بۆنەدا هەڕەشەی گەرانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لەیەكتر دەكەن.

بەڕای شارەزایەكی ئابوری، ئەوەی وایكردوە مەسەلەی دوو ئیدارەیی تەنها لەچوارچێوەی هەڕەشەدا بمێنێتەوە و بەكرداری روو نەدات، ئەوەیە بەرپرسانی باڵای ئەم دوو حیزبە بەرژەوەندییە حیزبی و كەسیەكانیان بە ئەندازەیەك تێكەڵاو بووە، ئاسان نیە ئەو كارە بكەن، بەتایبەت، كە لەم هەرێمی كوردستانە بەدەگمەن ناتوانیت كۆمپانیایەك بدۆزیتەوە ئەگەر خاوەنەكەی بەرپرسێكی حیزبی نەبێت یان بەرپرسێكی حیزب لەپشتیەوە نەبێت، كە لەو رێگایەوە كۆنتڕۆڵی تەواوی سەرچاوەكانی داهات لە سێكتەرەكانی نەوت و جگەرە و دەرمان و مۆبایل و ئینتەرنێت و تەواوی كایەكانی تری ئەم وڵاتە لە دەستی حیزبدان.



1429 جار خوێندراوەتەوە