هەڤاڵ ئەبوبەكر: پڕۆژەی شه‌قامی 100 مەتری سلێمانی خراوەتەوە گەڕ

06:21 - 11/01/2019
کوردستان

هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سلێمانی دەكات

 

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: كۆتایی هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی شاری سلێمانی دەكات و دیدارێكی بازرگانی لەگەڵ بازرگانان و سەرمایەدارانی شارەكە سازدەكات.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، لەبارەی ئەولەویاتی پرۆژەكانی ئەمساڵی پارێزگاكەوە دەڵێت: خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئەولەویەتی كارەكانیانە، هەروەها نزیكەی دوو ملیار دیناریان بۆ سێكتەری كارەبا دابین كردووە.

 

هەڤاڵ ئەبوبەكر باسی لەوەشكردووە، پڕۆژەی رێگای 100 مەتری سلێمانی خراوەتەوە گەڕ، هەوڵیش دەدەین بۆ دروستكردنی بەنداوی خێوەتە و تەواوكردنی ئەو بەنداوانەی تەواو نەبوون لەگەڵ دروستكردنی بەنداوی لاوەكی بۆ پشتیوانیكردنی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان.

 

هەروەها پارێزگاری سلێمانی وتيشى، هەوڵ دةدەین هەڵمەتێكی گەورەی دروستكردنی قوتابخانە دەست پێبكەین، كە بەسوپاسەوە كەرتی تایبەت ئەم بەڵێنەیان داوە و دەستمان پێكردوە كە لەوانەیە گەورەترین هەڵمەت بێت بتوانین لە ساڵێكدا جێبەجێی بكەین، بەرنامەیەكی دیکەمان ئەوەیە بایەخ بە وزەی جێگرەوە بدەین، كارێكی ترمان پەرەپێدانە بە بوارەكانی كۆگای ستراتیژی بۆ بواری غاز و سوتەمەنی و دانەوێڵە و ئاو و دەرمان و دابینكردنی پێداویستی پارێزگاكەمان، هەروەها كەمپەكانیشمان ئامادە كردوە بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا پارێزگاری سلێمانی لەبارەی بەرنامەی كاری سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف، بۆ سلێمانی، كە بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدات، وتی: ئاگاداری ئەو سەردانەن و لە سلێمانیش دیدارێكی بازرگانی ئەنجام دەدات، كە ئامانج لێی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوولایە.

1531 جار خوێندراوەتەوە