گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا پارێزگای ئیدلبیان رادەستی قاعیدە كرد

04:56 - 11/01/2019
جیهان

دوای 9 رۆژ لە شەڕوپێكدادان دژ بەگروپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا، بەرەی نوسرە، باڵی رێكخراوی قاعیدە لە سوریا‌، توانی دەست بەسەر پارێزگای ئیدلب لە باكوری سوریادا بگرێت.

لەبەیاننامەیەكدا، بەرەی نوسرە كە ئێستا بە دەستەی تەحریری شام ناسراوە رایگەیاند، لەگەڵ "بەرەی نیشتیمانی بۆ تەحریر " (گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا) گەیشتونەتە رێككەوتن بۆ رادەستكردنی سەرجەم ناوچەكانی سنوری پارێزگای ئیدلب.

بە گوێرەی رێككەوتنەكە، هەموو ناوچەكانی سنوری پارێزگای ئیدلب، دەكەونە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی رزگاری، كە بەرەی نوسرەی جاران پێكیهێناوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، رێكەوتنێك لەنێوان توركیا و روسیا كرا، بەوەی سنوری پارێزگای ئیدلب، ناوچەی نیمچە ئارامە و لەژێر هەژموونی توركیادا دەبێت. لەئێستادا هەیئەی تەحریری شام، نەك تەنها ئیدلب، بەڵكو ناوچەكانی دەوروبەری حەلەب و حەمما و لازقییەشی كۆنتڕۆڵ كردووە.

1272 جار خوێندراوەتەوە