یەمەن؛ ئەگەری سەرهەڵدانەوەو بەردەوامبونی شەڕ زیاتردەبێت

08:42 - 10/01/2019
جیهان

یەمەن؛ لەڕێگەی فرۆكەی بێ فرۆكەوانەوە هێرش كرایە سەر نمایشێكی سەربازی


دوای كەمتر لەسێ هەفتە لەڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتوەكانی یەمەن، ئەگەریی سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەو وڵاتە لەئێستادا لەهەمو كات زیاترە، ئەویش دوای هێرشكردنە سەر نمایشێكی سەربازی سوپای یەمەن لەڕێگەی  فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە. هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەبری كۆتاییهێنان بەشەڕی دەیان ساڵە، خولێكی تر شەڕی لایەنەكان دەستپێبكات.

لەئەنجامی ئەو ئاگربڕەی لایەنە شەڕكەرەكانی یەمەن بەچاودێری نەتەوە یەكگرتوەكان لەسەری رێككەوتون، ماوەیەكە هێمنی باڵی بەسەر شاری حودەیدەدا كێشاوە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی ڕوداوەكەی شاری لەحج بەگشتیی و شاری حودەیدە بەتایبەتی كە برسێتی و جەنگ و مەرگ چەندان ساڵە بەرۆكی بەدانیشتوانەكەی گرتوە، خولێكی تر شەڕ دەستپێبكاتەوە.

دوای ماوەیەك لەئاگربەست، لەئەنجامی هێرشێك بۆسەر نمایشێكی سەربازی هێزەكانی یەمەن لەپارێزگای لەحج 6 سەرباز كوژران و4  فەرماندەش برینداربون، ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە هێرشەكە لەڕێگەی تەقاندنەوەی فرۆكەیەكی بێ‌ فرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە  لە دوری 300 مەتر لە شوێنی دانیشتنی فەرماندە سەربازییەكان.


دوای روداوەكەش، وێڕای تۆمەتباركردنی چەكدارە حوسیەكان، موعەمەر ئیریانی وەزیری راگەیاندنی یەمەن  رایگەیاند،  ئەو هێرشە  نیشانەی ئەوەیە كە حوسیەكان ئامادەنین  درێژەبدەن بەپرۆسەی ئاشتی بدەن.  ئەم هێرشە بۆسەر سوپای یەمەن لە كاتێكدایە لەمانگی ڕابردودا حكومەتی یەمەن و حوسییەكان لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكاندا گەیشتنە ڕێككەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە پارێزگای حودەیدە و رێگەدان بەگەیشتنی هاوكاری مرۆیی بۆ دانیشتوانی ئەو شارە.

بەگوێرەی رێككەوتنەكەی سوید پێویستە حوسییەكان لەبەندەرەكانی حودەیدەو سەلیف و رەئس عیسا بچنە دەرەوەو لەبری ئەوان دەسەڵاتی خۆجێی بەچاودێری نەتەویەكگرتوەكان ئیدارەی شارەكە بگرنەدەست بەڵام ترس لەجێگیركردنی دەیان هەزار سەربازی سەر بەحكومەتی یەمەن لەدەرەوەی شارەكە پێدەچێت جارێكی تر ئاگربەستەكە بشكێنرێ و بەردەوامی  بەو جەنگە ماڵوێرانكەرە بدرێت كە ساڵانێكە بەرۆكی یەمەنییەكانی گرتوە.

لای خۆیەوە مارتن گریفیس نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لەیەمەن ڕایگەیاندوە: بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەردولایەنی بەشەڕهاتوی یەمەنی پابەند بەئاگربەست كردوە كەمانگی ڕابردو لەسەری ڕێككەوتون، دەشڵیت: بۆ ئەوەی ئاگربەستی تەواوەتی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستی بەبەرەوپێشچونی زیاتر هەیە.

لەئێستا زۆرێك لەشارەكانی یەمەن بەدەست چەكدارانی حوسیەوەن بەڵام حكومەتەكەی عەبد ڕەبە مەنسوری سەرۆكی یەمەن كەلە بەندەی عەدەنە دەسەڵاتی بەسەر ژمارەیەك ناوچە لەڕۆژئاوای یەمەندا هەیەو  ناكۆكیەكانی ئەو دولایەنەش لەسەر شاری حودەیدەیە كە ڕێڕەوی سەرەكی ئەو كاڵاو كۆمەك و هاوكاریە مرۆییانەیە كەلەڕێگەی وڵاتانەوە دەگاتە دەست دەیان ملیۆن هاوڵاتی برسی یەمەن.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان داوای لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە 75 چاودێری نێودەوڵەتی بۆماوەی شەش مانگ بۆچاودێریكردنی دۆخەكە ڕەوانەی یەمەن بكرێت.

ڕۆژی 20ی ئەم مانگە وادەی ئەو مانگە تەواو دەبێت كەبۆڕاگرتنی ئاگربەست لەنێوان لایەنە بەشەڕهاتوەكانی یەمەندا دیاریكراوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە وڵاتان نوێنەرەكانی خۆیان بۆ چاودێریكردنی دۆخی یەمەن ڕەوانە ناكەن هەربۆیە ئەگەری زۆرە ئەو گرژیی و ئاڵۆزیە جارێكی تر سەرهەلبَداوەتەوەو پێناچێت قەیرانی یەمەنیش بەم زوانە كۆتایی بێت.

153 جار خوێندراوەتەوە