كشانەوەی هیزەكانی ئەمریگا له‌ سوریا پەیوەندییەكانی واشنتۆن‌و ئەنقەرە ئاڵۆز دەكات

08:28 - 10/01/2019
جیهان

وەزیری دەرەوەی توركیا رەخنەی توند لە ئەمریكا دەگرێت 
مەولود چاوشئۆغڵو: ئەمریكا بەهانە بۆ نەكشانەوەی هێزەكانی لەسوریا دەهێنێتەوە
وەزیری دەرەوەی توركیا: هێرش دەكەینە سەر رۆژهەڵاتی روباری فورات 

پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا گرژی‌و ئاڵۆزی دەخاتە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن وئەنقەرە بەرپرسانی باڵای توركیا پێیانوایە ئەمریكا لەو بڕیارە پاشگەزبۆتەوە و نیازی نیە پاشەكشە بەهێزەكانی بكات، ئەوەش دوای ئەوەی كە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی  ئەمریكا كشانەوەی هیزەكانی  وڵاتەكەی پەیوەست كرد بە پاراستنی هێزە كوردیەكانی خۆرئاوای كوردستان.

هەڵوێستە ناجێگرەكانی ئەمریكا سەبارەت بەكشانەوە لە سوریا و بەستنەوەی كشانەوەی هێزەكانی بەسەلامەتی  كوردانی خۆرئاوای  كوردستان، بەرپرسانی توركیای توشی نیگەرانی و شپرزەیی كردوە بەجۆریك بەرپرسانی ئەنقەرە هێرشی توند دەكەنە سەر ئەمریكا و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بەبێ‌ بەڵێن ناو دەبەن.

چاوپێكەوتنەكەی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا  لەگەڵ  كەناڵی ئێن تیڤی، دواین هەلوێستەكانی حكومەتی  ئەنقەرەی لەبارەی  ئەوپرسە تێدا  روونكرایەوە. 

چاوش ئۆغڵو لەمیانی ئەوچاوپێكەوتنەدا رایگەیاند، ئەمریكا بەهانە بۆ نەكشانەوەی هێزەكانی لەسوریا دەهێنێتەوە، پاشگەزبونەوەی ئەمریكاشی لە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی لەسوریا  بەكارێكی نادروست ناوبرد.

نیگەرانیەكانی توركیا لەبەرامبەر ئەمریكا گەیشتوەتە ئاستێك، كە جارێكی تر بەرپرسانی حكومەتی ئەنقەرە بیر لە بەكارهێنانی  هێز  و هێرشكردنە سەر ناوچەكانی رۆژهەلاتی روباری فورات لە سوریا بكەنەوە.

لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا وێرای جەختكردنەوە لە هێرشكردنە سەر رۆژهەڵاتی فورات رایگەیاند، بڕیاری هێرشكردنە سەر ئەو ناوچەیەی سوریا پەیوەندی نیە بەبڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا.

ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی توركیا جەختكردنەوەیە لەسەر لێدوانی پێشوی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا  كە تێیدا رایگەیاندبو لە ئایندەیەكی نزیكدا هێرش دەكەنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات.

تەواوی ئەو هەلۆیستانەی بەرپرسانی باڵای توركیا كاردانەوەی لێدوانەكەی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایە كەتێیدا كشانەوەی  سوپای وڵاتەكەی پەیوەست كرد بەپاراستنی سەلامەتی كوردانی خۆرئاوای كوردستان و ئەو هێزانەی هاوشانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەولەتی شەریان لە دژی داعش كردوە  لە سوریا، بەهۆی ئەم لێدوانەشەوە، كە جۆن بۆڵتن پێش گەشتەكەی بۆتوركیا لە ئیسرائیلەوە وەك پەیامێك ئاراستەی توركیای كرد، كۆبونەوە چاوەروانكراوەكەی نێوان جۆن بۆلتن رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵوەشایەوە، كە بڕیاربو تێیدا بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسور یا بدرێت.

1079 جار خوێندراوەتەوە