لەسەردانێكی چاوەڕوان نەكراودا وەزیری نەوتی ئێران گەیشتە بەغدا

08:22 - 10/01/2019
عێراق

بیژەن زەنگەنە: پابەندی سزا نایاساییەكانی ئەمریكا نابین
سامر غەزبان: هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پرسە جێبایەخەكانی نێوانیان كردوە

لەسەردانێكی چاوەڕوان نەكراودا، وەزیری نەوتی ئێران گەیشتە بەغداو لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقیەكەی رایگەیاند، پابەندی سزا نایاساییەكانی ئەمریكا نابن.

لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ سامر غەزبان، وەزیری نەوت عێراق، بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، تاوتوێی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا‌و تارانیان كردوە لەچەندین بواردا، بەتایبەتی لەبواری نەوت‌و وزەدا.

راشیگەیاند: پێویستە هەردوولامان پابەندی سزا نایاساییەكانی ئەمریكا نەبین كە بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی.

هاوكات سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پرسە جێبایەخەكانی نێوانیان كردوە، بەڵام تائێستا سەبارەت بەپەرەپێدانی كێڵگە هاوبەشەكانی نەوتی نێوانیان نەگەیشتونەتە رێككەوتن.

بڕیار وایە لەو سەردانەیدا بۆ بەغدا، زەنگەنە چاوی بەبەرپرسانی باڵای عێراق بكەوێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە، دوێنێ‌، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سەردانی بەغدای كرد‌و لەتوێتیكدا ئاماژەی بەوەدا كە تەوەرێكی سەردانەكەی سەربەخۆیی كەرتی نەوتی عێراق بوە وەكو  ئاماژەیەك بۆ هەڵپەساردنی مامەڵە نەوتییەكانی عێراق‌و ئێران.

251 جار خوێندراوەتەوە