كۆیە؛ نەخۆشێك ماوەی پێنج ساڵە بۆ شوشتنی گورچیەلەكانی سەردانی هەولێر دەكات

08:18 - 10/01/2019
تەندروستی

عەبدوڵا مەحمود: بەشی شوشتنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەكانی كۆیەدا نییە
 نەخۆشەكانی گورچیلە بە ناچاری دەبێت سەردانی سلێمانی و هەولێرو ڕانیە بكەن


لەگەڵ ئەوەی قەزای كۆیە سنورێكی بەرفراوانی هەیە و ساڵانە سەدان هەزار هاوڵاتی بەمەبەستی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكەكانی تەندروستی دەكەن، بەڵام تا ئێستا بەشی شوشتنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەكانی كۆیەدا نییە و نەخۆشانی گورچیلە بە ناچاری دەبێت روو لە سلێمانی و هەولێرو رانیە بكەن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی كۆیەش باس لەوەدەكات، بەردەوام گرفتی دەرمان و كەمی پزیشك و كێشەی تریان هەیە و پارەیان پێنادرێت بۆ ئەوەی بەشێك لە گرفتەكانیان چارەسەر بكەن.

ماوەی پێنج ساڵە ئەم هاوڵاتیە نەخۆشی گورچیلەی هەیە و هەفتەی سێ جار سەردانی هەولێر دەكات لەبەر نەبوونی بەشی شوشتنەوەی گورچیلە لە نەخۆشخانەی كۆیە جێگری بەرێوبەری نەخۆشخانەی فێركاری شەهید دكتۆر خالید دەڵێت: ئەو بەشە لە نەخۆشخانەكەیاندا نیە و نەخۆشەكان دەبێت بچنە هەولێر و سلێمانی و ڕانیە. 

هاوڵاتیان وێڕای نیگەرانیان دەڵێن: وەك پێویست دەرمان لە نەخۆشخانەكەدا نیە، بەوتەی ئەم هاوڵاتیەش بەهۆی نەبوونی لە نەخۆشخانەكەدا تەنها یەك دەرزی لە دەرەوەی بە ١٢ هەزار دینار كڕیوە، داواشدەكات لایەنی پەیوەندیدار پێویستییەكان بۆ نەخۆش دابین بكات چونكە هاوڵاتیان توانای كڕینی دەرمانیان نییە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی كۆیە، نایشارێتەوە كە گرفتی كەمی دەرمان و پزیشكی پسپۆریان هەیە دەشڵێت: پارەیان بە شێوەی كاش پێنادرێت تاهەندێك لە كێشەكانیان  چارەسەر بكەن.

لە سنوری قەزای كۆیە، دوو نەخۆشخانە و ٩ مەڵبەند و ٣٦ بنكەی تەندروستی هەیە و لەماوەی ساڵی٢٠١٨دا ٣٠٩ هەزار و ١٠٩ هاوڵاتی سەردانی  نەخۆشخانەكانیان كردووە بەمەبەستی چارەسەر كردن.

439 جار خوێندراوەتەوە