لە ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوەكەیاندا هونەرمەندان نیگەران و توڕەن

08:13 - 10/01/2019
هەمەڕەنگ


بەبۆنەی 36 ساڵەی دامەزراندنی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستانەوە لەهۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژماریەك لە هونەرمەندان چەندین چالاكی جۆرا و جۆر بەرێوەچوو. 

هونەرمەندان بە نیگەرانیەوە باس لە رەوشی هونەرو ژیان‌و گوزەرانی هونەرمەندان دەكەن‌و ئاماژە بەوە دەكەن دەسەڵات پەراوێزی خستوون.

36  ساڵ لەمەوبەر لە شاری سلێمانی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان لەلایەن ژمارەیەك هونەرمەندەوە بە نهێنی دامەزرێنرا بۆ رێكخستنی هونەرمەندان و بەشداربوون لە خەباتی سیاسی ئەو كات لە دژی رژێمی بەعس.

بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ساڵیادە لە هۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەك گروپی هەڵپەركێ‌ و سەما ی كوردی و سویدی چەندین چالاكی گۆرانی و میوزیك و هەڵپەركێ‌ نمایشكران.

دامەزرێنەرانی ئەو كاتی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان بە نیگەرانیەوە باس لە خراپی گوزەرانی هونەرمەندان دەكەن و پێیانوایە لەماوەی ڕابردودا دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە خزمەتیان بكات‌و ژیانی بەشێك لە هونەرمەندان بە جۆرێكە مایەی بەزەیی پێداهاتنەوەیە.

یەكێكی دیكە لە دامەزرێنەرانی رێكخراوەكە دەڵێت بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕەوشی هونەری كوردی وەك پێویست نیە و داوا دەكات ئاوڕی جدی لە هونەر و گۆرانی و میوزیك بدرێتەوە.

سەرەڕای پشتگوێخستنی بواری هونەر بەشێوەیەكی گشتی لەدوای راپەڕینەوە، ماوەی چوارساڵە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە چالاكییە هونەرییەكان تا رادەیەكی زۆر كەمبونەتەوە. زۆرێك لە هونەرمەندانیش گلەیی لەلا یەنە پەیوەنددارەكان دەكەن كە وەكو پێویست ئاوڕیان لێناداتەوە.

251 جار خوێندراوەتەوە