ئەمریكا؛ دیموكراتەكان و ترەمپ نەگەیشتنە رێككەوتن

06:44 - 10/01/2019
جیهان

ئەمریكا؛ سێ هەفتە بەسەر راگرتنی كاری بەشێك لە دامەزراوەكانی حكومەتدا تێدەپەڕێت
ترەمپ بۆ دیموكراتەكان: بەم جۆرە هیچ شتێكمان نییە گفتوگۆی لەسەر بكەین

نزیكەی سێ هەفتە بەسەر راگرتنی كاری بەشێك لە دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵی ئەمریكادا تێدەپەڕێت و تاكو ئێستا دیموكراتەكان لەگەڵ ترەمپ نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ ئاساییكردنەوەی كارەكانی حكومەت، لە دوایین كۆبوونەوەی نێوانیشیاندا ترەمپ دانیشتنەكەی جێهێشت.

پرسی دابینكردنی بودجەی تایبەت بە ئاسایشی سنورەكان، لە نێویشیاندا دروستكردنی دیواری مەكسیك رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، تاكو ئێستاش تەواوی هەوڵەكانی ئیدارەكەی ترەمپ بۆ قایلكردنی دیموكراتەكان شكستیانهێناوە و رەتیدەكەنەوە، كە هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەو دیوارە تەرخان بكەن، كە ترەمپ لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی دابوو.

بە مەبەستی رێگریكردن لە چوونی كۆچبەری نایاسایی بۆ ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەو وڵاتە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیدا بەڵێنیدا دیوارێكی كۆنكرێتی بە درێژایی سنوری مەكسیك دروست بكات.

ئەوەی گرفتی بۆ ترەمپ دروستكردوە، ئەوەیە كە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران زۆرینەن، دابینكردنی بودجەش بۆ دیوارەكە پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە، بۆیە ترەمپ بەبێ‌ بەدەستهێنانی رەزامەندی دیموكراتەكان ناتوانێت بودجە بۆ دیوارەكە بەدەستبهێنێت.

لە بەرانبەردا و بەهۆی نە گەیشتنیان بە رێككەوتن. لە 22ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا. دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا %25ی دامەزراوەكانی حكومەتی فیدراڵی دابخات.

ماوەی نزیكەی سێ هەفتە بەسەر راگرتنی چواریەكی دامەزراوەكانی حكومەتی ئەمریكادا تێدەپەڕێت، ئەمەش مانای وایە كە ئەگەر ترەمپ لەگەڵ دیموكراتەكان نەگاتە رێككەوتن ئەوا مووچە بە سەدان هەزار كارمەندی حكومی نادرێت.

لە دوایین كۆبوونەوەدا، هەریەك لە نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و چەك شومەر، سەرۆكی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران لەگەڵ ترەمپ كۆبوونەوە و بریاربوو بگەنە رێككەوتن. بەڵام دوای كۆبونەوەكە ترەمپ لە تویتێكدا رایگەیاند: دیموكراتەكان رەتیانكردووەتەوە دانوستان لەسەر تەرخانكردنی بودجە بۆ دیوارەكەی سەر سنوری مەكسیك بكەن تاكو ترەمپ كۆتایی بە راگرتنی كارەكانی حكومەت نەهێنێت و بارودۆخەكە ئاسایی نەكاتەوە.

لە بەرامبەردا ترەمپ پرسیاری لە نانسی پیلۆسی كردووە كە ئەگەر كارەكانی حكومەت ئاسایی بكاتەوە، لە 30 رۆژی داهاتوودا چی روودەدات، ئایا ئامادەن بودجەی پێویست بۆ دروستكردنی دیوارەكە تەرخانبكەن؟ نانسی پیلۆسی بە نەرێنی وەڵامی ترەمپی داوەتەوە و هەربۆیە ترەمپ كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە و پێی راگەیاندوون، كە بەمجۆرە ئەوان هیچ شتێكیان نییە گفتوگۆی لەسەر بكەن.

280 جار خوێندراوەتەوە