یەمەن؛ بەفڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان هێرشكرایە سەر نمایشێكی سەربازی

06:40 - 10/01/2019
جیهان

حكومەتی یەمەن حوسییەكان بەئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار دەكات

یەمەن؛ هێرشەكە كوژرانی 6 سەربازو برینداربوونی 4 فەرماندەی سەربازی لێكەوتەوە


نمایشێكی سەربازی هێزەكانی یەمەن كرایە ئامانج و حكومەتی یەمەنیش حوسیەكان بەئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار دەكات.

لەئەنجامی هێرشێكدا بۆسەر نمایشێكی سەربازی هێزەكانی یەمەن لەپارێزگای لەحج ی ئەو وڵاتە 6 سەرباز كوژران و4  فەرماندەش برینداربون.

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە هێرشەكە لەرێگەی تەقاندنەوەی فرۆكەیەكی بێ‌ فرۆكەوانی بۆمبرێژكراوەوە بە دووری 300 مەتر لە شوێنی بەرێوەچونی نمایشە سەربازیەكە ئەنجام دراوە.

لای خۆشیەوە موعەمەر ئیریانی وەزیری راگەیاندنی یەمەن حوسیەكانی بەئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتباركرد و رایگەیاند: ئەنجامدانی ئەو هێرشە  نیشانەی ئەوەیە كە حوسیەكان ئامادەنین بۆ پرۆسەی ئاشتی.

ئەوە لە كاتێكدا لەمانگی رابردودا حكومەتی یەمەن و حوسییەكان لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتوەكاندا گەیشتنە ڕێككەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە پارێزگای حودەیدە و رێگەدان بەگەیشتنی هاوكاری مرۆیی بۆدانیشتوانی ئەوشارە.

91 جار خوێندراوەتەوە