وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا بۆ پرسی كچە سعودیەكە گەیشتە تایلەند

06:20 - 10/01/2019
جیهان

رەهف بینینی باوك ‌و براكەی رەتكردەوە كە گەیشتونەتە تایلەند  

ماریس پێن، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا گەیشتە تایلەند بۆ تاوتوێكردنی پرسی ئەو كچە سعودیە تەمەن 18 ساڵەی لەدەست خێزانەكەی رایكردوە. 

ئوسترالیا لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند: لەوە دەكۆڵێتەوە مافی پەنابەرێتیی بداتە رەهف محەمەد قەنون ئەو كچە سعودیەی لە دەست خێزانەكەی رایكردوە و ئێستا بەكاتی له‌ تایلەند نیشتەجێیە و لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە. 

حكومەتی تایلەند دەڵێت: رەهف ئەوەی رەتكردوەتەوە چاوی بەباوك و براكەی بكەوێت، كە گەیشتونەتە تایلەند بۆ بینینی و گەڕانەوەی بۆ سعودیە. 

باوك و براكەی ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە بیانەوێت زیان بەرەهفی كچیان بگەیەنن. 

رۆژی شەممە ئەو كچە سعودیە لە كوەیتەوە گەیشتە تایلەندو رایگەیاند: ژیانی لە مەترسیدایە و داوایكرد نەیگەڕێننەوە بۆ وڵاتەكەی، چونكە لەلایەن كەسوكارییەوە دەكوژرێت.

وتیشی: دەیەوێت بچێتە ئوسترالیا و داوای مافی پەنابەرێتی بكات. 

سەرەتا تایلەند رێگەی مانەوەی بە رەهف نەداو ویستی بیگەڕێنێتەوە بۆ سعودیە، بەڵام دواتر لە بڕیارەكەی پەشیمان بووە.  

4596 جار خوێندراوەتەوە