پسپۆڕێكی یاسایی: دەستور و یاسای عێراقی رێگر نیە لەچون بۆ ئیسرائیل

04:29 - 09/01/2019
عێراق

تارق حەرب: پێویستە پەرلەمانتاران سەرۆكایەتی پەرلەمانیان ئاگاداربكردایەتەوە  

تارق حەرب پسپۆڕی یاسایی رایدەگەیەنێت لەدەستور و یاسای عێراقدا هیچ بەندێك نیە رێگریی بكات لەهاوڵاتیانی عیراقی لەچون بۆ ئیسرائیل یان هەر شوێنێكی دیكەی جیهان. 

تارق حەرب دەڵێت لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعس و تا 2003 هاوڵاتی عیراقی دەیتوانی بچێت بۆ هەمو وڵاتانی جیهان تەنها ئیسرائیل نەبێت، بەڵام لەعێراقی نوێ دوای 2003, دەستوری نوێی عێراق رێگریی نەكردووە لەهاوڵاتی عێراقی لەگەشتكردن و چون بۆ هیچ وڵاتێكی جیهان، هیچ مادەیەكی یاساییش لەیاسای عێراقیدا نیە ئاماژە بەسزادانی هاوڵاتی بدات لەسەر ئەو كارە. 

تارق حەرب راشیگەیاندووە, پێویستە پەرلەمانتار كەنوێنەرایەتی خەڵك دەكات، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاگادار بكردایەتەوە لەو شوێنەی بۆی دەچێت. 

رۆژی حەوتی ئەم مانگە حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاند, سێ وەفدی نافەرمیی عێراقیی كەپێكهاتون لەكەسایەتیی حزبیی، لەساڵی 2018دا سەردانی ئیسرائیلیان كردوەو چەند دۆسیەیەكیان تاوتوێكردوە لەنێویاندا پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكان. 

285 جار خوێندراوەتەوە