ئەمریكا ‌و توركیا لەسەر رۆژئاوای كوردستان ناكۆكن

08:29 - 08/01/2019
جیهان

كۆبونەوەی جۆن بۆڵتن ‌و ئەردۆغان هەڵوەشێنرایەوە
مایك پۆمپیۆ: گرەنتی پاراستنی كوردەكانمان لە توركیا وەرگرتوە
ئەردۆغان: داعش ‌و یەپەگە و پەیەدە لە سوریا لەناو دەبەین ‌وبەمزوانەش ئەو كارە دەكەین 
جێگری سەرۆكی ئاكپارتی: ترەمپ پاشگەزبوەتەوە لە كشانەوە لە سوریا  
حوڕییەت: توركیا داوای ڕادەستكردن یان لەناوبردنی بنكەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكات


قسەكانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لەبارەی مەرجی كشانەوەی هێزەكانیان لەسوریا. پێشهاتێكی نوێی لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە دروستكردوە لەبارەی میكانیزمی كشانەوەكەو بێ متمانەیی ئەمریكا بەتوركیا لە جێبەجێكردنی مەرجەكانی لەدوای كشانەوەی هێزەكانی لەسوریا.  

ئەو پێشهاتە نوێیە هەڵای لەئەنقەرە ناوەتەوەو كاردانەوەی توندو جیای سەرانی ئاكپارتی لەبەرامبەرئەمریكاو شەخسی جۆن بۆڵتن و نیازی كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا. بەدوای خۆیدا هێناوە. 

ئەمریكا بە مەرجی كۆتاییهاتنی تەواوەتی شەڕ دژی داعش و لەناوبردنی تەواوەتی رێكخراوەكە. هەروەها گرەنتیی پاراستنی كوردەكان لە سوریا كە بەیەكێك لەهاوپەیمانەكانی دەزانێت لەشەڕی دژی تیرۆر. هێزەكانی لە سوریا دەكشێنێتەوە كە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە. 

جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ئەو مەرجەی ئەمریكای لەئیسرائیلەوە راگەیاند، دیدارە چاوەڕوانكراوەی لەگەڵ ئەردۆغان لەئەنقەرە هەڵوەشاندەوە. 

جۆن بۆڵتن، لەسەردانەكەی بۆ توركیا، تەنها چاوی كەوت بەئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆك كۆماری توركیا و بەپێی چەند سەرچاوەیەك مەرجەكانی واشنتۆنی لەبارەی كشانەوەی هێزەكانیان لەسوریا پێ راگەیاندوە. 

دوای ئەو دیدارەش دەبوو كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هاوبەش ئەنجامبدەن لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەكەیان. بەڵام تەنها ئیبراهیم كاڵن خۆی قسەی بۆ میدیاكان كرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەكۆبونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئاكپارتی. بەتوندی وەڵامی هەڵوێستە نوێكانی واشنتۆنی دایەوەو رایگەیاند, تیرۆر لەهەر كوێ بێت. ئەوان دەچنە ئەو شوێنەو لەناوی دەبەن. 

لەگەڵ ئەو پێشهاتە نوێیانەی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە لەبارەی سوریاوە. باس لەچەند سیناریۆریەك دەكرێت. سیناریۆی یەكەم باس لەوە دەكرێت، واشنتۆن بۆی ساغ بوەتەوە مەرامی راستەقینەی توركیا لەبەڵێنەكانی ئەردۆغان بۆ ترەمپ لەشەڕی دژی تیرۆر ئامانجە راستەقینەكەی شەڕی كوردانی سوریاو لەناوبردنیانە بەپاساوی تیرۆر، بۆیە واشنتۆن ئەو هەڵوێستە نوێیەی هەیە. 

سیناریۆ دووەم باس لەوە دەكرێت كەژێر بەژێر توركیا رازی بوەو ئەردۆغان بەڵێن و گرەنتی بەترەمپ داوە كەكوردەكان بپارێزن و هێرش نەكەنە سەریان دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا. ئەوەش وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش سەردانی بۆ چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسیكردو بەمیدیای راگەیاند. بەڵام ئەردۆغان لەبەر رای گشتیی توركیاو ترسی دابەزینی ئاستی جەماوەریی ئاكپارتی لەهەڵبژاردنی شارەوانیەكان كەبڕیارە مانگی ئازار بەڕێوەبچێت. لێدوانی توندو پێچەوانە دەدات.   

سیناریۆی سێیەمیش باس لەوە دەكرێت لەبەرامبەر پێشنیارێكی ئەمریكا بۆ پاراستنی شەڕڤانانی كورد لەسوریا، توركیا داوای ڕادەستكردن یان لەناوبردنی بنكەكانی ئەمریكا لەسوریا دەكرێت وەك ئەوەی ئیبراهیم كاڵن‌و رۆژنامەی حورییەتی توركی باسیان كردوە.

782 جار خوێندراوەتەوە