زیانەكانی گەمارۆیی سەر فرۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرا كران

08:27 - 08/01/2019
ئابوری

فڕۆكەخانەی سلێمانی پێنج ملیۆن و 400 هەزار دۆلار زیانی كردووە
تاهیر عەبدوڵا: لە 2018دا گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی 36% كەمیكردوە
تاهیر عەبدوڵا: بەهۆی گەمارۆی توركیاوە لە 2018دا ڕۆژانە 15 هەزار دۆلار زەرەرمەندبوین


فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی  سلێمانی زەرەرو زیانی گەمارۆكانی سەر توركیای بۆ سەر خۆی ئاشكراكرد كە ڕۆژانە 15 هەزار دۆلار زیانی پێدەگات، لە ماوەی ساڵێكیشدا قەبارەی زیانەكان پێنج ملیۆن دۆلار بووە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكەش بەغدا بە كەمتەرخەم ناودەبات لەسەر ئەوەی نەیتوانیوە لەگەڵ توركیا گفتوگۆ بكات بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان.


ساڵێك ‌و 3 مانگە جموجوڵی فرۆكەكان بەسەر ئاسمانیەوە كەمتر دەبینرێت، ئەو گەمارۆیەی توركیا لەسەر فرۆكەخانەكەی داناوە، وایكردوە هیچ فرۆكەیەك لە ئەوروپاوە نەیەت ئەوەش زیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەپێی ئەو ژمارانەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەلایەن بەڕێوەبەری فرۆكەخانەكەوە خرانەبەردەم میدیاكاران، 2018 بۆ ئاسمانی سلێمانی ساڵێكی نەهات بووە. چونكە رۆژانە 15 هەزار دۆلار‌و لە ساڵەكەشدا پێنج ملیۆن ‌و 400 هەزار دۆلار زیانی كردوە.

هەروەها بڕی ئەو كەلوپەل و كاڵایانەی بۆ كارگۆی فڕۆكەخانەكە هاتووە نۆ هەزارو 752 تۆن بووە، لە كاتێكدا ساڵی 2017 زیاتر لە 36 هەزار تۆن بووە، بەوەش لەسەدا 73ی هاتنی كاڵاكان كەمیان كردووە و لەسەدا 82 ی ئەو كاڵایانەش كە هەناردەی دەرەوە دەكرێن كەمی كردووە.

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی بەرپرسیارێتی دواكەوتنی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی نێوان توركیا و فڕۆكەخانەكەی خستە ئەستۆی حكومەتی ناوەندی عێراق و داوای كرد هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی ئەو گەشتانە.

بەهۆی وەستانی گەشتەكانی توركیا بۆ سلێمانی لەسەدا 36ی گەشتەكانی فڕۆكەخانەكە كەمی كردووەو ئەو كۆمپانیا فڕۆكەوانییانەش كە لە ئاسمانی توركیاوە گەشت دەكەن ناتوانن بێنە سلێمانی.

جگە لە فرۆكەخانەكە، كۆمەڵەی كۆمپانیاو گەشتیارییەكانی سلێمانیش لەسەدا پەنجا زیانیان بەركەوتووە.

لە دوای بەڕێوەچونی پڕۆسەی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی 2017 و راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، دوای چەند مانگێك و هەڵگرتنی گەمارۆكان لە لایەن عێراقەوە، حكومەتی توركیا بڕیاریدا بە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ هەولێر، بەڵام قەدەغەی سەر ئاسمانی سلێمانی تا مانگی 3ی داهاتوو درێژكردەوە.

535 جار خوێندراوەتەوە