وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەكارییەكانی بۆ بودجەی ساڵی 2019 رادەگرێت

08:21 - 08/01/2019
ئابوری

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا حكومەتی هەرێم بودجەی بۆ پەرلەمان نەناردوە
KNN لێكەوتەكانی نەبونی بودجە لە هەرێم لەماوەی پێنج ساڵی رابردو دەخاتەڕوو


وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكانی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی هەرێم رادەگێرت، بەبیانووی ئەوەی تائێستا پشكی هەرێم لەبودجەی ساڵی 2019ی عێراق دیارینەكراوە، KNNیش بەشێك لەلێكەوتەكانی نەبوونی بودجەی لەماوەی 5ساڵی رابردوودا دەخاتەڕوو.


ماوەی پێنج ساڵە پڕۆژە یاسای بودجە، لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە، ئەوەش چەندین لێكەوتەی مەترسیداری بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و ژیان ‌و گوزەرانی هاوڵاتیان هەبوە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەKNNی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا دەستیانكرد، بەئامادەكاری بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا پشكی هەرێم، لەبودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراق دیارینەكراوە، ئامادەكارییەكانیان بۆ پڕۆژە یاسای بودجە راگرتووە، تا ئەو كاتەی بودجەی عێراق پەسەند دەكرێت، چونكە ئەو كاتە داهاتی راستەقینەی هەرێمی كوردستانیان لەبەردەست دەبێت، بۆ ئەوەی كورتهێنانی بودجە دیاری بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی KNN، ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم، پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019 هەرێمی كوردستان، رادەستی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم دەكات.

بەڵام لەدوای 100 رۆژ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نازانرێت پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، چەند رۆژی دیكەی پێدەچێت، تا ئامادەكاری بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019 بكات‌و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی بكات بۆ پەسەندكردنی.

هاوكات، پسپۆڕان ‌و شارەزایانی بواری ئابوری پێیانوایە، كۆنەكردنەوەی سەرجەم داهات‌و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەدا، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، چەندین لێكەوتی خراپی هەبوەو كاریگەری نەرینی گەورەی لەسەر كەرتی ئابوری‌و دارایی‌و سەرجەم‌و سێكتەرەكانی هەرێمی كوردستان‌و خزمەتگوزارییەكان‌و ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان دروستكردوە.

لێكەوتەكانی نەبونی بودجە لەهەرێمی كوردستان لەماوەی 5ساڵی رابردوودا
-تەشەنەسەندن ‌و فراوانبوونی گەندەڵی ‌و ناعەدالەتی
-پاشەكەوتكردنی موچەی موچەخۆر‌و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان
-وەستاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەهاوڵاتیان
-بێ پلانی ‌و نەبوونی پڕۆژەی ستراتیژی ‌و دیدگا بۆ ئایندە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە
-بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری ‌و بێكاری ‌و خراپتربونی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان
-سەندنەوەی رۆڵ ‌و ئەركی پەرلەمان لەلایەن حكومەتەوە
-لەدەستدان ‌و بەها‌و گرنگی دام ‌و دەزگاكان
-لەدەستدان ‌و لاوازی خزمەتكردنی هاوڵاتیان لەلایەن زۆربەی دامەزراوەكانەوە
-نەمانی متمانەی هاوڵاتیان بەدامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان
-قوڵبونەوەی قەیرانی ئابوری ‌و دارایی ‌و سستی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان
-زۆربونی كێشەی كۆمەڵایەتی ‌و دیاردە نەخوازراوەكان
-لاوازی دامودەزگا ئەمنیەكان ‌و پۆلیس ‌و سەروەرنەبوونی یاسا


نەبونی بودجە رێخۆشكەربووە، بۆ پارتی یەكێتی، تا بەپێی خواست ‌و بەرژەوەندییەكانیان داهات ‌و سامانی گشتی بەكاربهێنن و گەندەڵی بەشێوەیەكی بەرفراوان تەشەنە بسێنێت.

2260 جار خوێندراوەتەوە