وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشتێكی یەك هەفتەیی بۆ وڵاتانی كەنداو دەستپێدەكات

08:48 - 06/01/2019
جیهان

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە لەگەشتێكی یەك هەفتەییدا وڵاتانی كەنداو و میسر و سعودیە بەسەردەكاتەوە و ئەجێندای سەردانەكەی چەندان تەوەری جیاواز لەخۆدەگرێت.

 ئەجێندای گەشتە هەفتەییەكەی پۆمپیۆ پێكهاتووه‌ له‌:-

* گەشتەكەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەڕۆژانی 8-15 ی ئەم مانگە دەخایەنێت.

* وڵاتانی ئوردن، میسر، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر، سعودیەو كوەیت و سوڵتان نشینی عوممان بەسەردەكاتەوە.

* لەئوردن چاوی بەبەرپرسانی ئەو وڵاتە دەكەوێت و دۆسەی هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات و ڕێككەوتنی ستراتیژیی و پرسی وڵاتانی هەرێمی وەك دۆسیەی سوریاو پەیوەندییە بازرگانیەكانی داهاتوی ئوردن لەگەڵ عێراق تاوتوێ دەكرێت.

* وێستگەی دوەمی سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ میسرەو لەوێ لەبارەی دۆسیەی ئێران و غەززەو دۆسیەی تێرۆر گفتوگۆ دەكرێت، ئەوە سەرباری تاوتوێكردنی بواری ئابوریی و پرسی وزەو بەرقەراربونی ئاسایش و ئارامیی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

* لەمەنامەی پایتەختی بەحرەین لەگەڵ سەركردەكانی ئەو وڵاتە لەبارەی پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات و بەرەودان بەفراوانكردنی ڕێككەوتنی ستراتیژی لەنێوان ئەمریكاو بەحرەین و پرسی تێرۆرو ڕوبەڕوبونەوەی چالاكیەكانی ئێران گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

* لەچوارەم وێستگەی گەشتەكەیدا پۆمپیۆ سەردانی ئیمارات دەكات و پرسی پەیوەندی هەرێمیی و پەیوەندیەكانی نێوان هەردو  وڵات لەبواری بازرگانیی و وەبەرهێنان و پابەندبون بەڕێككەوتنەكەی سوید لەبارەی یەمەن و ڕاگرتنی جەنگ لەیەمەن و بڵاوكردنەوەی هێز لەحەدیدە تاوتوێ دەكرێت.

* وێستگەی پێنجەمی گەشتەكەی پۆمپیۆ وڵاتی قەتەرەو تێیدا لەبارەی بەرەوپێشچونی پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات و پرسی وزەو بنبڕكردنی تێرۆر و پەروەردەو ڕۆشنبیریی و بازرگانی تاوتوێ دەكرێت، بابەتی هەرێمی وەك كێشەی ئەفغانستان و گرنگی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لەڕوبەڕوبونەوەی ئێران بابەتێكی تری سەردانەكەی پمپیۆیە بۆ قەتەر.

* لەسعودیە وێڕای تاوتوێكردنی پەیوەندییە دوقۆڵیەكان بابەتی سوریاو ئێران شەن وكەو دەكرێت و كۆتاییهێنان بەجەنگی یەمەن و دۆسەی كوشتنی ڕۆژنامەنوس جەمال خاشوقچی بابەتێكی تری سەردانەكەی پۆمپیۆیە بۆ سعودیە.

* لەعوممان لەگەڵ سەركردەكانی ئەو وڵاتە لەباری بەرقەراربونی ئاشتی لەناوچەكە بەتایبەت لەیەمەن و هەماهەنگیەكانی سوڵتان نشینی عوممان و ئەمریكا و هاوپەیمانی ستراتیژی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریكاری عەرەبی لەبەرقەراربونی ئاشتەوایی لەناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

* دوا وێستگەی سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ كوەیتەو تێیدا چەندان دۆسیەی نوێ تاوتوێ دەكرێت لەوانە بواری ئابوریی و یەكگرتنی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری عەرەبیی و هەوڵەكان بۆكۆتاییهێنان بەململانێكانی یەمەن.

129 جار خوێندراوەتەوە