پێشبینیەكانی جادوگەرێكی مەكسیكی بۆ ساڵی 2019

05:32 - 05/01/2019
هەمەڕەنگ

فاسكوێزی جادوگەر: ترەمپ ناتوانێت دیوارەكەی نێوان مەكسیك ‌و ئەمریكا دروستبكات
فاسكوێزی جادوگەر: ئەمساڵ چەندین زریانی بەهێز ڕوودەدەن


ئەنتۆنیۆ فاسكوێزی جادوگەری مەكسیكی پێشبینیەكانی خۆی لەبارەی 2019 خستەڕوو، ئەو پێیوایە ترەمپ سەركەوت نابێت لە بونیادنانی دیوارەكەی نێوان مەكسیك ‌و ئەمریكا ‌و چەندین زریانیش لە هەردوو ئەمریكاكە ڕوودەدەن، ئەم جادوگەرە هەرچەندە 30 ساڵە پێشبینی دەكات، بەڵام هەموو پێشبینیەكانی نەهاتونەتە دی.

كەسێك كە بە جادوگەری گەورە دەناسرێت لە مەكسیك، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ساڵانەییدا پێشبینیەكانی لە بارەی سیاسەت ‌و كارەساتە سروشتیەكانی جیهان لە ساڵی 2019دا خستەڕوو.

لە هۆڵێكدا كە پڕ بوو لە خەڵك، ئەنتۆنیۆ فاسكوێزی تەمەنی 77 ساڵ كە ریژێكی درێژی سپی هەیە، پێش ئەوەی دابنیشێت هەستا بە دەركردنی ئەو رۆحانەی كە ئەو بە شەڕانگێزیان ناودەبات ‌و دواتر دەستیكرد بە خوێندنەوەی كارتی پێشبینیەكان.

فاسكوێز دەڵێت دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ناتوانێت پارە دەستبخات بۆ دروستكردنی دیوار لە سنوری نێوان مەكسیك ‌و ئەمریكا.

دوو هەفتەیە بەهۆی ناكۆكی ترەمپ لەگەڵ دیموكراتەكان بەشێكی حكومەتی ئەمریكا داخراوە، ترەمپ داوای چەندین ملیار دۆلار دەكات بۆ دروستكردنی دیوارەكە‌و دیموكراتەكانیش ئەوە رەتدەكەنەوە.

 

جادوگەرە مەكسیكیەكە، هەروەها پێشبینی ڕوودانی چەندین كارەستای سروشتی ‌و زریان دەكات، كە لە مانگی تەمموزەوە دەستپێدەكەن.

دەڵێت 9 زریان لە هەردوو ئەمریكاكە ڕوودەدەن، كوبا‌و میامی زیانی گەورەیان پێدەگات.

ئەنتۆنیۆ فاسكوێز، 30 ساڵە لەرێگەی كارت ‌و بورجەكانەوە پێشبینی ڕووداوەكان دەكات لە ساڵی نوێدا، هەرچەندە بەشێكی زۆر لە پێشبینیەكانی نەهاتونەتەدی، بەڵام تا ئێستاش كەسایەتیەكی بەناوبانگە‌و لە راگەیاندنەكاندا گرنگی زۆری پێدەدرێت.

29381 جار خوێندراوەتەوە