هەورامان... خواست لەسەر زۆپای دار

05:03 - 31/12/2018
گەلەری

لە ناوچەی هەورامان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە هۆی كەمی سووتەمەنی و سەختیی زستانی ناوچەكەوە، خواست لەسەر بەكارهێنانی زۆپای دار لە ماڵ و دوكان و شوێنەكاندا زیادی كردووە و بەشێك لە دانیشتووانی ناوچەكەش وەك حەز و خولیایەك زۆپای دار بۆ خۆگەرم كردنەوە بەكاردەهێنن. 

سۆپای دار لە هەرێمی كوردستان مێژوویەكی كۆنی هەیە و زۆربەی دانیشتووانی ئەو شوێنانەی دەكەونە ناوچە شاخاوییەكانەوە بۆ خۆ گەرمكردنەوە زۆپای داریان بەكارهێناوە و تا ئێستاش لە بەشێك لە ناوچەكان بەكارهێنانی ئەم جۆرە زۆپایه‌ بۆ خۆ گەرمكردنەوە لە سەرمای وەرزی زستان خواستی تایبەتی لەسەرە. 

لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و كشانەوەی دامودەزگا حكومییەكانی عێراق لە ناوچەكە، بە هۆی گەمارۆی ئابووری و سەختی دۆخی ژیانی هاوڵاتییان و نەبوونی سووتەمەنییەوە، هاوڵاتییان لە زۆربەی شار و شارۆچكە و گوندەكان روویان لە بەكارهێنانی ئەم زۆپایه‌ كرد و بەم هۆیەشەوە ژینگەی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەركەوت بە هۆی بڕینەوەی زۆربەی دار و درەختەكانی ناوچە شاخاوییەكانەوە. 

ناوچەی هەورامان بە هۆی كەشوهەوا و سەختی ئاوهەواكەی لە وەرزی زستاندا، وای كردووە دانیشتووانەكەی خواستی گەورەیان لەسەر زۆپای دار هەبێت و لەم وەرزەدا و زۆربەی كات دوكەڵی زۆپاكان ئاسمانی ناوچەكەی تەنیوە. 

 

فایەق محەمەد كاسبكارێكی تەمەن 65 ساڵانی ناحیەی خورماڵە لە نزیك هەڵەبجە، ئەو ماوەی چەند ساڵە دوكانی فرۆشتنی سۆپای داری هەیە و بژێوی ژیانی خێزانەكەی لەو رێگەیەوە دابین دەكات. 

ئەم كاسبكارە لە بارەی خواستی خەڵكی ناوچەكە لەسەر سۆپای دار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "ساڵانە لە وەرزی پاییز و سەرەتای هاتنی زستاندا داواكاری لەسەر سۆپای دار زۆر دەبێت، بەجۆرێك ساڵانە 70 تا 80 سۆپای دار دەفرۆشم". 

وتیشی: "ماوەی دوو ساڵە بە هۆی كەمی و گرانی نەوتەوە خواست زیاتر لەسەر سۆپای دار هەیە لەم ناوچەیەدا، بەشێكیش سۆپا كۆنەكانیان دەهێنن و بۆیان چاك دەكەینەوە تا جارێكی تر بەكاری بهێننەوە". 

زوبەیدە هەورامی ژنێكی بەتەمەنی ناوچەی هەورامانە، ئەویش كە لە ماڵەوە سەرقاڵی گەرمكردنی ئاگری ناو سۆپا دارەكەی بوو، لەبارەی بەكارهێنانی ئەم جۆرە سۆپایانەوە ده‌ڵێت: "لە كۆنەوە هەر سۆپای دار بەكاردەهێنین، هەرگیز حەزم لە سۆپای نەوت نییە و لەم سەرما و سۆڵەیەی ئەم ناوچەیەدا بە سۆپای نەوت گەرمم نابێتەوە". 

240 جار خوێندراوەتەوە