سیستمی پەرلەمانی و بەمەرجەعكردنی پەرلەمان یەكێكە لەپرنسیپەكانی بزوتنەوەی گۆڕان

08:37 - 22/12/2018
کوردستان

بەدرێژایی 9 ساڵی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان كاری بۆ جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانی كردوە
لەپێناو جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان باجی گەورەیداوە
زۆرێك لەهێزە سیاسیەكان گەڕاونەتەوە بۆ پشت بەستن بە پرنسیپەكانی بزووتنەوەی گۆڕان 


یەكێك لەپرەنسیپە سەرەكییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بەمەرجەعكردنی پەرلەمانی كوردستان  و جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانییە لەحوكمڕانیدا و لە 9 ساڵی رابردوشدا كاری جدی بۆ  چەسپاندنی كردوە، بۆقۆناغی داهاتووش كاری لەپێشینەی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت، گەڕانەوەی زۆرێك لەلایەنە سیاسیەكانیش بۆ پشت بەستن بەو سیستمە سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە گۆڕان لەرابردوودا شەڕی راستەڕێكردنی سیستمی حوكمڕانی كردوە.

چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی یەكێك بوە لەو پرەنسیپانەی كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بزووتنەوەی گۆڕان كاری بۆ چەسپاندنی كردوە ،  كاركردنیش بۆ چەسپاندن ئەو شێوازەی سیستمی حوكمڕانی لای بزوتنەوەی گۆڕان تەنها دروشم نەبوە، بەڵكو لەسەر ئەرزی واقیع كاری بۆكردوە.

پێداگری بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پەیڕەوكردنی سیستمی پەرلەمانی لە حوكمڕانیدا لەهەوڵی تێپەراندنی دەستوری هەرێمدا رەنگی دایەوە كاتێك لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم  لەساڵانی رابردوودا   چەند جارێك هەوڵیاندا ئەو دەستورە تێپەڕێنن كەهەرێمی كوردستانی  بەرەو سیستمی سەرۆكایەتی دەبرد، بەڵام بەهەوڵی بزوتنەوەی گۆران ئەو هەوڵە پەكخرا.

لەقەیرانی سەرۆكایەتی هەرێمیشدا لەسالی 2015 ئەو راستیە بۆخەڵكی كوردستان روون بۆوە كە بزووتنەوەی گۆران دەیەوێت پەرلەمان مەرجەعی بڕیار و یەكلایی كردنەوەی سەرجەم كێشەكان بێت،بەڵام سەرەڕای ئەوەی كەباجی گەورەیدا بزووتنەوەی گۆڕان دەستبەرداری ئەو پرنسیپە نەبوو. 

چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی و بەمەرجەعكردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەمو  هەڵبژاردنەكانیشدا بەشێك بوە لە كارنامەی ئەو بزوتنەوەیە، لە ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی كارنامەكەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە:

بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراق و دانانی پەرلەمانی كوردستان بە مەرجەعی شەرعی بڕیاردان لەسەر پرسە نیشتیمانی و چارەنوسسازەكان.

ئێستا كە بەرەو پێكهێنانێكی حكومەتێكی نوێ‌ لەهەرێم دەچین، چەندین جار و لە چەندین بۆنوەی جیاوازدا بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان تەئكیدییان كردۆتەوە، كاری لەپێشینەیان چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی دەبێت لەهەرێمی كوردستان.

بەپێچەوانەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە كە هەرگیز لە پرەنسیپەكانی لاینەداوە، ژمارەیەك لە هێزەكانی تر تەنها بەدروشم لەگەڵ ئەوەن سیستەمی حكومرانی هەرێم پەرلەمانی بێت، باشتر نمونەش بۆ ئەمە ئەوەبو كە ساڵی 2015 ژمارەیەك لەو هێزانە بەپێچەوانەی پرۆژەكانی خۆیانەوە لەپەرلەمان، هەڵوێستیان گۆڕا و ئامادەنەبون بەرگری لە پرۆژەكانیان بكەن، لەكاتێكدا بزوتنەوەی گۆڕان لەو پێناوەدا دەستبەرداری زۆر شت و قوربانی زۆریدا.

ئەوەی بۆ هەموان بەرچاو رونیە، بزوتنەوی گۆڕان چ وەك ئۆپۆزسیۆن و چ وەك هێزێك لە حكومەتدا تاقیكراوەتەوە، لەهەردوو سەنگەرەكەدا شەڕی پرەنسیپەكانی خۆی و بەرژوەندییەكانی خەڵكی كردوە.

ئەگەر بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی بكرێتـە پێوەر بۆ سەركەوتنی سیاسەتی هەر پارتێكی سیاسی ئەوا لەم قۆناغەدا وەك عارف قوربانی نوسەرو رۆژنامەنوس لەوتارێكدا ئاماژەی بۆكردوە بزووتنەوەی گۆڕان براوەی یەكەمە، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی یەكێك لە ئامانجە سەرەكیەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ، بەرەو بەدیهاتن دەچێت، بەوەی زۆرێك لەهێزە سیاسیەكان قبوڵی ئەوەیان كردوە كەسیستەمی حكومرانی لەهەرێم پەرلەمانی بێت و سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، بەوتەی قوربانی ئەوەش بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە بۆ ئەوەی كە هەرگیز بزوتنەوەی گۆڕان شەڕی دژی كەسێكی دیاركراو نەبوە و شەڕی ئەم هێزە سیستەمی حكومرانیە.

504 جار خوێندراوەتەوە