جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لیژنه‌ی دانوستانكاری ڕاسپارد به‌رده‌وام بێت له‌گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی

04:37 - 22/12/2018
کوردستان

ئه‌مڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبووه‌وه بۆ تاوتوێكردنی به‌شداری گۆڕان له‌ حكومه‌ت، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانیش ده‌ڵێت، جڤاتی نیشتیمانی لیژنه‌ی دانوستانكاری ڕاسپارد به‌رده‌وامی بدات به‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ پارتی.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جڤات جه‌مال حاجی محه‌مه‌د، سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ KNN ی ڕاگه‌یاند، جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ی دانوستانكاری ڕاسپارد، به‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام بن له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی  بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر كارنامه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌تدا جێگای كرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر جێگاشی نه‌كرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین به‌به‌شداریكردن یان نه‌كردن له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌سرور بارزانی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی هه‌رێم و هه‌تا ئێستا شاندی پارتی دوو جار گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیدا كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌به‌شداریكردنی گۆڕان و یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت.

به‌رپرسانی گۆڕان و پارتی له‌دوای دوو كۆبونه‌وه‌كه‌ جه‌ختیار له‌ ئیجابیاتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كردووه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، كه‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانیان زیاتره‌ له‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كانیان.

842 جار خوێندراوەتەوە