چ گۆڕانكارییەك بەسەر دیدی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە لەسەر دەستور و سەرۆكایەتی هەرێم؟

07:47 - 15/12/2018
کوردستان

لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، پرسی دەستور و سەرۆكایەتی هەرێمیش دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆ ئەمەش بزوتنەوەی گۆڕان هەمان ئەو ستراتیژەی هەیە كە لەدروستبونیەوە تەئكیدی لێدەكاتەوە، كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەستورێكی دیموكراسی، مەدەنی هەیە، كە تێیدا سیستەمی حكومرانی پەرلەمانی بێت.

ساڵی 2015 كاتێك لیژنەی نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان پێكهێنرا بزوتنەوەی گۆڕان لەتێڕوانینی خۆی بۆ سیستمی حوكمڕانیی ژمارەیەك خاڵی كردبوە بنەما بۆ نوسینەوەی ئەو ڕەشنووسە، بنەماكانی گۆڕان لەگەڵ هەمان ئەو پایەو بنەمایانە هاوبەش بوون كەپێشتر بزوتنەوەكەی لەسەر دامەزرابوو لەوانە:

*هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن دەستورێكی دیموكراسی، مەدەنی و سیستەمی حكومرانی تێیدا پەرلەمانی بێت.
* دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەژێر چاودێری  پەرلەماندابێت و لەناو پەرلەمانەوە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت و پەرلەمان توانای لێپرسینەوەو لێپێچینەوەی لەگەڵیدا هەبێت.
* دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەلای حكومەت بێت و زۆرینەی دەسەڵاتەكان لای ئەنجومەنی وەزیران بێت.
* دەسەڵاتی لامەركەزیەت بچەسپێت و ئەنجومەنە خۆجێییەكان توانای بڕیاردانی تایبەت بەكاروبارەكانی خۆیان هەبێت.

بەهار مەحمود، كە یەكێك بو لە ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێم بە KNN وت، بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە دەبێت سەرۆكی هەرێم لەژێر چاودێری پەرلەماندابێت و دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بێت.

عەدنان عوسمان، یەكێكی تر بو لە ئەندامانی لیژنەی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێم بە KNN وت، یەكێك لەو خاڵانەی بزوتنەوەی گۆڕان پێداگریی لەسەر كردوە و دەیكات پرسی ئازادیەكانە، لەوانەش ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی سیاسیی وحزبیی و  ئازادی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ئازادییەكانی تاك.

سەبارەت بە روانینی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان بەراورد بە ساڵانی رابردوو چ گۆرانكارییەكی بەسەردا هاتوە، عەدنان عوسمان وتی، ئێستاشی لەگەڵدابێت بزوتنەوەی گۆڕان سازشی لەسەر تێڕوانینی بۆ پرسیی حوكمڕانیی و نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستوری هەرێم نەگۆڕاوە و هەمان ئەو دیدو بۆچونەی هەیە كە بزوتنەوەكەی لەسەر دامەزراوە.

بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە تەئكیدی كردۆتەوە كە بەبایخەوە دەروانێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێت بە خاوەنی دەستور، بەڵام گرنگە دەستورەكە زەمانێك بێت بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی كراوە و مەدەنی و حكومرانیەكی باش كە تێیدا ئازادییەكانی تاك و گروپ و هێزە سیاسیەكان پارێزراوبێت، لەم پێناوەشدا ئەگەرچی باجی گەورەی داوە بەڵام سورتر بوە لەسەر ستراتیژ و دونیا بینینی خۆی بۆ پرسی دەستور.

1299 جار خوێندراوەتەوە