وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە 2019دا ملیۆنێك‌و 200 هەزار بەرمیل رۆژانە كەمدەكەنەوە

06:55 - 07/12/2018
ئابوری

نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی بەرزبوەوە بۆ زیاتر لە 63 دۆلار 

رێكخراوی ئۆپیك و روسیاو وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، دوای ئەوەش نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەڕێژەی لەسەدا پێنج بەرزبوەوە. 

رۆژانی پێنجشەممەو هەینی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی ئۆپیك و روسیاو چەند وڵاتێكی بەرهەمهێنی نەوت لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا كۆبونەوە. 

دوای دوو رۆژ گفتوگۆ و دانوستان، گەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئەوەی لە ساڵی 2019دا  رۆژانە ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە ئاستی  بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت كەم بكەنەوە.  

هەر دوای ئەو رێككەوتنە نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی بە رێژەی لەسەدا پێنج بەرزبوەو نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت سێ دۆلارو 26 سەنت بەرزبوەوەو بەرمیلێك نەوت بە 63 دۆلار و 32 سەنت مامەڵەی پێوە كرا. 

نرخی بەرمیلێك نەوتی تەكساسی ئەمریكاش دوو دۆلارو 62 سەنت بەرزبوەوەو بەرمیلێك نەوتی ئەمریكا بە 54 دۆلارو 11 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.  بەڵام دواتر دابەزیوە بۆ 53 دۆلارو 90 سەنت.

182 جار خوێندراوەتەوە