راپەڕین؛ 12 كەس بەهۆی خواردنی قارچكەوە ژەهراوی دەبن

12:46 - 07/12/2018
کوردستان

 

ئەندامانی دوو خێزان لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی خواردنی قارچكەوە ژەهراوی دەبن و دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشكییان بۆ دەكرێت.

پەیامنێری KNN رایگەیاند: ئەو هاوڵاتیانە دانیشتوی كۆمەڵگای شكارتەی سەر بەناحیەی بێتواتەن و لە ئێستادا باری تەندروستییان جێگیرە.

هاوكات یەكێك لەو كەسانەی ژەهراوی بووە بە KNNی راگەیاند: بەهۆی خواردنی جۆرە قارچكێكەوە ژەهراوی بون، كە رەنگەكەی مەیلەو زەردە و دوای تێپەڕبونی تەنها نیو كاتژمێر بەسەر خواردنیدا سەرجەم ئەندامانی ماڵی خۆیان و ئامۆزایەكیان، كە ژمارەیان 12 كەسە دوچاری تێكچونی باری تەندروستی و ئارەقكردنەوە و كەمی توانای بینین و سك ئێشە بونەتەوە و خۆیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە.

ئەوە دووەم حاڵەتی ژەهراویبوونە لەم هەفتەیەدا روویانداوە، بەراورد بە ساڵانی رابردو ڕێژەی دروستبون و هەڵتۆقینی قارچكی سروشتی زیادی كردوە و بەشێك لە هاوڵاتیانیش رۆژانە رودەكەنە كەژ و كێوەكان بۆ كۆكردنەوەی قارچك.

726 جار خوێندراوەتەوە