باكوری كوردستان؛ 68 كەس بەتۆمەتی بانگەشە بۆ پەكەكە دەستگیركران

09:10 - 06/12/2018
کوردستان

لەشارەكانی باكوری كوردستان، هەڵمەتی رەشبگیری هاوڵاتیانی كورد لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی توركیاوە بەردەوامە و لە هەریەك لە شاری ئورفا و ئیزمیر و ئاگری, 68 كەس دەستگیركران.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانەی، كە هێزە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە دەستیان پێكردوە, توانراوە لە شاری ئیزمیر، بەتۆمەتی بانگەشەكردن لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە )، 16 كەس دەستگیر بكرێن.

لە پارێزگای ئاگریش، توانراوە بەهەمان تۆمەت 14 كەسی دیكە دەستبەسەر بكرێن و دەست بەسەر چەند جۆرێك چەك و تەقەمەنی و چەند ئامێرێكی پەیوەندی و بەڵگەنامەی ئەلیكترۆنیدا بگیرێت.

هاوكات لە شاری ئورفاش، لە كاتی ئۆپەراسیۆنێكدا بۆ سەر لقی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە، 38 كەسی دیكە دەستگیركراون و كە بە وتەی هێزە ئەمنیەكانی توركیا پشتیوانیان لە عەبدوڵا  ئۆجەلان، رێبەری زیندانی كراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە كردوە و داوای ئازادكردن و هەڵگرتنی قەدەغەی بینیان كردوە.

288 جار خوێندراوەتەوە