ئەنجومەنی وەزیران چوار مانگە كۆنەبۆتەوە و چارەنوسی موچەی مانگەكانی 10و 11و 12 ئەمساڵیش به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌

08:53 - 06/12/2018
ئابوری

هەرێم؛ چوار مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆنەبۆتەوە 
چارەنوسی موچەی مانگەكانی 10و 11و 12 ئەمساڵ پێویستی بە بڕیاری ئەنجوموەنی وەزیرانە 


حكومەتی هەرێم زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری موچەی فەرمانبەران قەرزدارە، بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی موچەی سێ‌ مانگی كۆتایی 2018 ش پێویستە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات، لە كاتێكدا لە مانگی هاشتی ئەمساڵەوە ئەنجومەنەكە كۆنەبۆتەوە و تائێستاش وادەی كۆبونەوە دیاری نەكراوە.

سەرەرای بەڵێنە یەك لە دوای یەكەكانی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كۆتایی هێنا بە پاشەكەوتی موچە، هێشتا لە ژێر ناوی پاشەكەوتدا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی تەواو وەرناگرن و لە ژێر ئەو ناوەدا بەشێك لە موچەكانیان لێدەبڕێت.

ئێستا مانگی كۆتایی ساڵی 2018 یە فەرمانبەرانی هەرێم هێشتا موچەی مانگی 10 ی ئەمساڵیان وەرنەگرتوە.

هەر لە ئێستاشەوە ئەو پەیامانەی بەرپرسانی هەرێم دەیدەن بەگوێی فەرمانبەراندا ئەوەیە، كە چاوەڕێی موچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 ی ساڵی 2018 نەكەن. ئەوەتا لە دواین لێدوانیدا پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی هەرێم دەڵێت، بەم نزیكانە پاشەكەوت نامێنێت. ئەوەش رونە بەو مانایەی یەكەم مانگی 2019 فەرمانبەران موچەی ئەو مانگە وەردەگرن و موچەی مانگەكانی 2018 ش دەچێتە سەر حسابە كۆنەكە.

ساڵی 2016 لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم بە بڕیاری ژمارە 64 بڕیاریدا لەژێر ناوی پاشەكەوتدا، بەپێی پلە بەندی 15% بۆ 75 موچەی فەرمانبەران پاشەكەوت بكات، ئەو بڕیارەش لە كاتێكدا بوو، كە حكومەت چوار موچەی مانگەكانی 9و 10و 11و 12ی 2015 ی فەرمانبەران قەرزدار بوو.

ئەم بریارەی حكومەت كە لە غیابی پەرلەماندا دەركرا، چەندین نارەزایی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لە بایكۆتی دەوام تا خۆپیشاندان و ناڕەزایی تری مەدەنی، بەڵام حكومەت هیچ گوێی لە ناڕەزاییەكان نەگرت و تەنانەت بە توندوتیژی روبەروی نارەزاییەكان بویەوە.

حكومەتی هەرێم كوردستان لە ژێر سێ‌ پاساودا موچەی فەرمانبەرانی لەژێر ناوی پاشەكەوتدا بڕی، كە ئێستا هیچ لەو پاساوانە نەماون بەڵام پاشەكەوت ماوە ئەوانیش:
- شەڕی داعش 
- دابەزینی نرخی نەوت
- هاتنی ئاوارە عێراقیەكان

 
ئێستا هیچ كام لەو پاساوانە نەماون، بەڵام پاشەكەوت بەردەوامە، ئەوە لە كاتێكدایە بە دانپێدانانی بەرپرسەكان و ئەو ئامارە رەسمیانەی حكومەت بڵاوی دەكاتەوە، داهاتی مانگانەی هەرێم بەو پارەیەی لە بەغداوە دێت و بە پارەی فرۆشتنی نەوت بە بۆری و داهاتە ناوخۆییەكانی تر بەشی موچەی تەواو دەكات و چەند سەد ملیۆن دۆلارێكیش زیاتر دەمێنێتەوە.

ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم چاوەرێی چارەنوسی سێ‌ موچەی مانگەكانی كۆتایی 2018 دەكەن، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە پێویستە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیار بدات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی KNN ئەنجومەنی وەزیران ماوەی چوار مانگە كۆنەبۆتەوە و دواین جار، كە كۆبونەتەوە رۆژی 7 ی مانگی هەشتی ئەمساڵ بووە.

حكومەتی هەرێم بەهۆی بڕیاری پاشەكەوتی موچەوە لە ئێستادا نزیكەی 10 ملیار دۆلاری موچەی فەرمانبەران قەرزدارە، كە 5 ملیارەی موچەی 7 مانگە و 5 ملیارەكەی تریش ئەو رێژەیەیە كە لە موچە پاشەكەوتی كردوە.

1252 جار خوێندراوەتەوە