هێلەك زەردەكانى فه‌ره‌نسا: خەڵك نان ‌و بژێویی ‌و هەنگاوی كرداریی دەوێت

07:36 - 06/12/2018
جیهان

نیگەرانی ‌و خۆپیشاندانی فەرەنسییەكان دژی گرانی ‌و خراپی بژێویی بەردەوامە
لە ژێر گوشاری خۆپیشاندەراندا زیادكردنی باجی سەر سوتەمەنی بەتەواوی راگیرا 


دوای چەند هەفتەیەك لە خۆپیشاندان و پێكدا هەڵپژان و دروستبونی توندوتیژیی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس، دواجار حكومەتی فەرەنسا لە ژێر گوشاری خۆپیشاندەراندا پاشگەزبوەوە لە بڕیاری زیادكردنی باج لەسەر سوتەمەنی، كە بڕیاربوو لەسەرەتای ساڵی نوێوە لەو وڵاتە كاری پێ بكرێت. 

ئیدوارد فلیپ، سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا پێشتر رایگەیاندبوو، بۆ ماوەی شەش مانگ ئەو بڕیارە رادەگرن، بەڵام دوێنێ هەر خۆی راگرتنی تەواوەتی ئەو بڕیارەی راگەیاندو ئاماژەشیدا بەوەی، كە نابێتە پرسێك لە بودجەی 2019دا. 

 چاودێران پێیانوایە، لە ئێستادا دەسەڵاتەكەی ماكرۆن لە ژێر پرسیاردایە، چونكە پێش هاتنە دەسەڵات چەندین دروشمی چاكسازیی و بەرەوپێشبردنی فەرەنساو خەڵكەكەی بەرزكردبوەوەو خەڵك بە فریاد رەسیان دەزانی. 

هێلەك زەردەكان سورن لەسەر نیگەرانی و خۆپیشاندان لە دژی زیادكردنی باج لەسەر سوتەمەنی، كە بوەتە هۆی گرانبوونی سوتەمەنی و كاڵاو كەلوپەل و بارگرانی بژێوی و ژیانیان. بنیامین كوشی، وتەبێژی جوڵانەوەی هێلەك زەردەكان لە وەڵامی ئیدوارد فیلیپ، سەرۆك وەزیراندا دەڵێت: میللەت نان و بژێویی دەوێت.  

وتەبێژی حكومەتیش دەڵێت: پێ دەچێت حكومەت هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر كەمكردنەوەی باجی سەر دەوڵەمەندەكان بگۆڕێت. 

چاودێران پێیانوایە، گۆڕانكاریی لە هەڵوێستەكانی حكومەتی ماكرۆن لە ژێر گوشاری خۆپیشاندەراندا، پێ دەچێت لە ئاست داخوازیی خۆپیشاندەران و خەڵكی ناڕازیدا نەبێت و توڕەیی خەڵك دانەمركێنێتەوە.  

لەگەڵ بەردەوامبونی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەهۆی ناهەمواری باری بژێوی و گرانی نرخی سوتەمەنی و كاڵاو كەلوپەل، لە ناوچە جیاكانی فەرەنسا، تا دێت بەرفروانتر دەبێت و خەڵك و چین و توێژی دیكە پەیوەندی پێوە دەكەن. 

لە دوو رۆژی رابردوودا شۆفێرانی ئەمبوڵانس و خوێندكارانی خوێندنگە جیاوازەكان تێكەڵ بەخۆپیشاندان و نیگەرانیەكان بوون.  

لە نزیكەی 100 خوێندنگەی شارەكانی ئۆرلیانزو پاریس و لیۆن خوێندكاران لەبەردەم خوێندنگەكانیاندا ئاگریان كردەوەو ناڕەزاییان پیشاندا لە سیاسەتەكانی حكومەت، لە چەند خوێندنگەیەكی دەوروبەری شاری پاریسیش خوێندنگەكان داخران.    

لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا نیگەرانیی و توڕەیی شەقام و خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا، دەسەڵاتەكەی ئیمانوێل ماكرۆنی خستە ژێر پرسیارەوە، كە 18 مانگ لەمەوبەر بەشێكی زۆری خەڵكی فەرەنسا وەك فریاد رەس و چارەسەری تا رادەیەكی باشی قەیرانە كەڵەكەبوەكانی ئەو وڵاتە تێیان دەڕوانی، چونكە هەروەك پارتەكەشی بەناوی بۆ پێشەوە دامەزراندبوو خۆی واناساندبوو، كە نە راستەو نە چەپە، بەڵكو كەسێكی میانڕەو و وەسەتیە. 

لە ئێستادا بەشێكی زۆری خەڵكی فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن وەك پارێزەری چینی دەوڵەمەندو سەرمایەدارەكان سەیر دەكەن بەوەی، كە باجی لەسەر دەوڵەمەندەكان كەمكردبوەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە ماكرۆنیش بووەتە بەشیك لە دەوڵەمەندو سەرمایەدارەكان. 

320 جار خوێندراوەتەوە