نەبونی پشتیوانی پەرلەمانی گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراقدا

08:27 - 05/12/2018
عێراق

بێ‌ پشتیوانی فراكسیۆنەكان رەنگە كێشەی زۆر بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دروستبكرێت
ئەگەر كێشەكان بەردەوام بێت ئەگەر زۆرە عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاربكێشێتەوە
جیاواز لە هەموو سیاسییەكانی تری عێراق عەبدولمەهدی دوو جار بەخواستی خۆی دەستیلەكاركێشاوەتەوە


سەرەرای  ئەوەی لەسەرەتای دەستبەكاربونی وەكو سەرۆكوەزیرانی عێراق دا زۆربەی لایەنە كان پشتیوانیان بۆ عادل عەبدولمەهدی  دەردەبڕی بەڵام دانیشتنەكەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران دەریخست  حكومەتەكەی عەبدلمەهدی پشتیوانێكی راستەقینەی نییە‌و ئەوەش رەنگە ببێتە گەورەترین لەمبەر لەبەردەم كارەكانی حكومەتەكەی,  ئەو بێ‌ پشتیوانیەش رەنگەلە قۆناغی داهاتودا كێشەی گەورەی بۆدروست بكەن و بەدور نازانرێت سەرۆكوەزیران ناچارببێت دەستلەكاربكێشێتەوە.

رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی فراكسیۆنی زۆرینە و دیاریكردنی كاندیدێكی بێلایەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران،ئەستێرەی بەختی عادل عەبدولمەهدی درەوشاندەوە و جارێكی تر كردیەوە بەژمارەیەكی دیار لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، بێ‌ ئەوەی هیچ پشتیوانیەكی ئاشكرای لێبكرێت لەلایەن هێز سیاسیەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بەڵام گەڕانەوەی بۆگۆڕەپانی سیاسی بەبەهێزی زۆری نەخایاند، چونكە كابینەكەی روبەروی ئاڵنگاری بوەتەوە، بەجۆرێك تا ئێستا 8 پۆستی وەزاری كابینەكەی بە هۆی ناكۆكی لایەنە سیاسیەكانەوە بەبەتاڵی ماونەتەوە.

ڕووداو وپێشهاتەكانی دوومانگی رابردوو ئاماژەن بۆ ئەوەی  بەبەروارد بەسەرۆك وەزیرانەكانی پێشوی عێراق، بەرێوەبردنی ئەو پۆستە بۆعادل عەبدولمەهدی ئاسان نابێت ئەوەش بەو پێیەی هیچ پشتیوانیەكی پەرلەمانی نیە و هیچ فراكسیۆنێكی پەرلەمان پشتیوانی لێناكات، ئەو بێ‌ پشتیوانیەش لەدانیشتنەكەی رۆژی سێشەمەی ئەنجومەنی نوێنەراندا بەتەواوی ڕەنگی دایەوە كاتێك بەهۆی تەواونەكردنی رێژەی یاساییەوە، نەتوانرا متمانە بەكاندیدی 8 پۆستە وەزارییەكەی كابینەكەی بدرێت، بەر لەهەمو  لایەنەكان فراكسیۆنی سائیرون بایكۆتی دانیشتنەكەیان كردو پشتیان لەعەبدولمەهدی تێكرد،لەكاتێكدا پێشتر سەرسەختانە پشتیوانیان لەكاندیدكردنی دەكرد بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

ئەگەر لەم قۆناغەی حوكمرانی عێراق، پەیوەندی  عادل عەبدولمەهدی و ئەنجومەنی نوێنەران گۆرانكاریی بەسەردا نەیەت  و عادل عەبدولمەهدی پشتیوانی لایەنێك یان چەند لایەنێكی ناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆخۆی مسۆگەر نەكات،  ئەوا روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە و رەنگە لەكارەكەیدا شكستبهێنێت، چونكە لەغیابی پشتیوانی ئەنجومەنی نوێنەراندا لایەنە سیاسیەكان دەتوانن بەئاسانی لەڕێی فراكسۆنەكانیانەوە كێشە بۆ خودی خۆی و كابینەكەی دروست بكەن.

ئەزموونی كاركردنی عادل عەبدولمەهدی لەعێراقی نوێدا جیاوازە لەتەواوی بەرپرسانی دیكەی عێراق، چونكە دووجارو لەدوو پۆستی گرنگدا بەخواستی خۆی دەستی لە كاركێشاوەتەوە ، پاش 17 رۆژیش لە دەستبەكاربونی لەپۆستی سەرۆك وەزیران  هەرەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كرد ئەگەر بێت و بەربەستەكانی بەردەم كابینەكەی زۆر بێت، لەسەر بنەمای ئەو لێدوانەش دەستەلەكاركێشانەوەی لەم قۆناغەدا بە دوور نازانرێت  چونكە پڕكردنەی پۆستە وەزارییەكان بە گشتی  و پۆستە ئەمنیەكان  بەتایبەتی بونەتە بەربەست  لەبەردەم كاركردنی كابینەكەی.

141 جار خوێندراوەتەوە