خولی ئینگلتەرا: مانچستەر سیتی لە واتفۆردیشی بردەوە

02:49 - 05/12/2018
وەرزش

یانەی مانچستەر سیتی لە بردنەوەی تیپەكانی پرێمەرلیگ بەردەوامە‌و ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یانەی واتفۆردی بردەوە.

لە  یارییەكانی 15ی خولی یانە نایابەكانی ئینگلتەرا، یانەی واتفۆرد لە یاریگای ڤیكارگ رۆد میوانداری مانچستەر سیتی كرد.

لەتایمی یەكەمدا مانچستەر سیتی بە ئاستێكی بەرزەوە دەركەوت‌و زۆربەی كات مەترسی لەسەر گۆڵی ركابەرەكەی دروست دەكرد، تا لەخولەكی 40 لیرۆی سانێ بەربەستی یەكسانبوونی شكاند‌و یەكەم گۆڵی بۆ سیتیزن تۆماركرد.

تایمی یەكەم بەو تاكە گۆڵەی تیپەكەی گواردیۆلا كۆتاییهات.

لەتایمی دوەمدا ئاستبەرزی یاریزانانی مانچستەر درێژەی  كێشا‌و دوای تێپەڕبوونی 6 خولەك بەسەر ئەو تایمە ریاز موحریز گۆڵی دوەمی بۆتۆماركرد.

دواتر واتفۆرد لە پێناو كەمكردنەوەی جیاوازییەكە چەند هێرشێكی كردە سەر گۆڵی مانچستەر سیتی تا لەخولەكی 85 عەبدوڵا دوكۆری گۆڵێكی بۆ تۆماركرد.

لە كۆتایشدا مانچستەر سیتی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێك یارییەكەی بردەوە‌و خاڵەكانی بۆ 41 خاڵ بەرزكردەوە، لەهەمان كاتدا پێگەكەی لە پێشەنگی ریزبەندی بەهێزتر كرد، واتفۆردیش20 خاڵی هەیە‌و یانزەیەمە.

106 جار خوێندراوەتەوە