كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ نیو كاتژمێر دواخرا

04:26 - 04/12/2018
عێراق

كه‌مێك پێش ئێستا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ئاماده‌بونی 168 په‌رله‌مانتار ده‌ستیپێكرد و دوای چه‌ند خوله‌كێك كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ نیو كاتژمێر دواخرا.

 

بەپێی زانیارییەکانىKNN  هاوپەیمانى سائیرون کە بایکۆتى دانیشتنەکەى کردبوو هاتنە هۆڵى پەرلەمان و پەرلەمانتارانیان ژماردووە و دەرکەوتووە کە ژمارەکە ڕێژەی یاسایی تێنەپەڕاندووە و بەو هۆیەوە شەڕیان لەگەڵ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەماندا کردووە، هۆکارى بایکۆتکردنەکەشیان ناڕازی بوونیانە لە فالح فەیاز کاندیدى وەزارەتى ناوخۆ.

ئەو هەشت کەسەى کە عەبدولمەهدی بۆ پۆستە وەزارییەکان کاندیدی کردوون، پێکهاتوون لە دارا نورەدین بۆ وەزارەتی داد، فالح فەیاز بۆ وەزارەتى ناوخۆ، فەیسەڵ جەربا بۆ وەزارەتى بەرگریی، نورى دلێمی بۆ وەزارەتى پلاندانان، عەبدول ئەمیر حەمدانى بۆ پۆستى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، قوسەى عەبدولوەهاب بۆ خوێندنى باڵا، سەبا تائى بۆ وەزارەتى پەروەردە و هەنا عەمانوێلی بۆ وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران.

 پێشتریش پەیامنێری KNN لە بەغداد رایگەیاند: سەرەرای ئەوەی، كە كاتژمێر 12ی نیوەرۆی ئەمرۆ وەك وادەی بەرێوەچونی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ متمانەدان بەكاندیدی 8 پۆستە وەزاریە بەتاڵەكەی حكومەته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی دیاریكرابوو، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكان لەسەر پۆستە وەزارییەكان دانیشتنەكە لە وادەی خۆیدا ئەنجام نەدرا.


بەپێی زانیارییەكان، ناكۆكی نێوان هاوپەیمانی سائیرون و فەتح لەسەركاندیدی وەزارەتی ناوخۆ‌ و لایەنە سوننەكانیش لە سەر كاندیدی وەزیری بەرگری بەردەوامە‌ و نوێنەرانی پێكهاتەی مەسیحیش رەتیدەكەنەوە دەنگ بەهەنا گۆرگیس كاندیدی  وەزارەتی كوچ و كۆچبەران بدەن بەو بیانوەی، كە  نوێنەرایەتی پێكهاتەی مەسیحی ناكات.

236 جار خوێندراوەتەوە