دەستەی
کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕەوشی کەشوهەوای لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند و
پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە کە پلەی
گەرمای هەشت پارێزگا نزیک دەبێتەوە لە 50 پلەی سەدی.
لە
ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە: "سبەینێ چوارشەممە، بەگشتی ئاسمان ساماڵ
دەبێت لەگەڵ بوونی هەندێک پەڵەهەور لە ناوچەکانی باکوور، هەروەها پلەکانی گەرما
بەراورد بە ڕۆژی پێشوو کەمێک بەرزتر دەبنەوە".
بەپێی
ڕاگەیەندراوەکە، بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەینێ چوارشەممە لە پارێزگاکانی عێراق
و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبن: دهۆک و سلێمانی 38، هەولێر 40، نەینەوا 42،
کەرکووک و سەلاحەدین 43، بەغداد، دیالە و ئەنبار 44، کەربەلا و بابل 45، واست،
دیوانیە و نەجەف 46، لە پارێزگاکانی میسان، زیقار، موسەننا و بەسڕەش دەگاتە 47
پلەی سەدی.
سەبارەت بە
ڕۆژانی داهاتووش، دەستەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ
دەبێت و پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور جێگیر دەبن، بەڵام لە
ناوچەکانی باکوور کەمێک بەرز دەبنەوە.
هەروەها بۆ
ڕۆژی هەینی پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور کەمێک
نزم ببنەوە. بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتووش ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک
پەڵەهەور، پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوور وەک خۆیان دەمێننەوە و
لە باشووری وڵات کەمێک بەرز دەبنەوە.
191 جار خوێندراوەتەوە