وەزارەتی
دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، وەڵامی داواکارییەکی جێگری یەکەمی سەرۆکی
پەرلەمانی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی پارە بۆ هەرێم و
ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندبوونە داراییەکانی جێبەجێکردووە،
بەڵام بەغداد مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردووی نە ناردووە و بەبیانووی "خەرجیی
فیعلی" مافە داراییەکانی هەرێم پێشێل دەکات.
لە
ڕوونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی وەزارەتەکەوە
بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: لە وەڵامی لێدوانەکانی عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە داوای ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات تا
یەکلاییکردنەوەی سەرجەم کێشەکان، دووپاتی دەکەینەوە کە هەولێر بەپێی یاسای ئیدارەی
دارایی و یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024، 2025) سەرجەم ئەرکەکانی
بە تەواوی جێبەجێکردووە.
لە
ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە ساڵی 2025دا هەرێم پشکی گەنجینەی فیدراڵیی
بەپێی ڕێککەوتنەکان ڕادەستکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق تەنها پارەی مووچەی 10
مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە و مووچەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و کانوونی
یەکەمی خەرج نەکردووە، لەکاتێکدا مووچەی تەواوی دامەزراوەکانی دیکەی عێراق لەو دوو
مانگەدا دابەشکراوە.
وەزارەتی
دارایی ڕوونیشیکردووەتەوە، بۆ ساڵی 2026، بەپێی ڕێککەوتنەکان هەرێم پشکی بەغدادی
لە داهاتە نانەوتییەکانی مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان و ئایار
ڕادەستکردووە. سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهاتەکانیش لە هەردوو مانگی ئازار و نیسان،
وەزارەتەکە هۆکارەکەی بۆ دۆخی جەنگ لە ناوچەکە و نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر
جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکودا" لە دەروازە سنوورییەکان گەڕاندووەتەوە،
کە وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر هەرێمدا بەکارهێنراوە. سەرەڕای
ئەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بەو سیستەمە گەیشتبوونە قۆناغی کۆتایی، بەڵام بەغداد لە دەرکردنی
بڕیاری پێویست کەمتەرخەمی کردووە، بۆیە بەپێی ڕێککەوتنێک، بڕیاردراوە تەنها 50٪ی
داهاتە نانەوتییەکان ڕادەست بکرێت بەهۆی دابەزینی قەبارەی داهاتەکانەوە.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی ڕەخنەی توند لە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان
دەگرێت و ئاشکرای دەکات کە باشتر بوو ناوبراو هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و
دەستووری بۆ کێشەی بڕگەی "خەرجیی فیعلی" بدایە کە بەشێوەیەکی
نادادپەروەرانە و تەنها بەسەر هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکرێت، کە بووەتە هۆی
خەرجنەکردنی تەواوەتی شایستە داراییەکان و مووچە. هەروەها دەڵێت: "جێگەی
سەرسوڕمانە کەسایەتییەک لەو پۆستەدا، لەبری پاراستنی یەکسانی و مافی سەرجەم
هاووڵاتییان، داوای بڕین و ڕاگرتنی مووچەی بەشێکی دیاریکراو لە هاووڵاتییانی وڵات
بکات."
644 جار خوێندراوەتەوە