تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی
باڵای بزووتنەوەی تاڵیبان لە ویلایەتی سەرپێڵ لە ئەفغانستان، ژنێکی کوردی خەڵکی
شاری بۆکان و کچە تەمەن 15 ساڵەکەی بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو
ژنە کوردە رەتیکردبووەوە کچەکەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو بەرپرسەی تاڵیبان بکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕووداوەکە لە قەزای کۆهستانات
ڕوویداوە و بکوژەکە ناوی (مووفتی محەمەدوڵڵا)یە، کە بەرپرسی فەرمانگەی حەج و ئەوقافی
تاڵیبانە لەو ناوچەیە. قوربانییەکانیش بریتین لە (چیمەن حوسێنزادە) و (سارا یوسفی)ی
کچی. تا ئێستا بزووتنەوەی تاڵیبان هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ڕووداوەکە نەداوە، بەڵام
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە تۆمەتبارەکە پاش ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕەکەی ڕاگەیاندووە، چیمەن
حوسێنزادە نزیکەی 20 ساڵ پێش ئێستا هاوسەرگیری لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەفغانی کردووە
و لەو قەزایە نیشتەجێ بووە، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە (بیبی چەمەنگوڵ) ناسراوە و
وەک پەرستارێکی ناوخۆیی کاری کردووە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، بەرپرسەکەی تاڵیبان
ویستوویەتی بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ سارای تەمەن 15 ساڵ بکات و بۆ ئەو مەبەستەش چووەتە
سەر ماڵیان تا لەگەڵ خۆی بیبات، بەڵام دوای ئەوەی ڕووبەڕووی بەرگری و ڕەتکردنەوەی
دایکی بووەتەوە، دەستڕێژی گولـلەی لێکردوون و هەردووکیانی کوشتووە.
883 جار خوێندراوەتەوە