مەرج و ڕێکارەکانی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی ئەمساڵ ڕاگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
05:05 - 09/06/2026
کوردستان
+
-

بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە ساڵی 2026، چەند مەرج و ڕێکارێکی نوێ دەگیرێنەبەر و جەخت دەکرێتەوە کە ئەمساڵ وەرگرتنی سەرە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و پێویستە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری جوتیاران مەرجەکانی ڕادەستکردنی گەنمی تێدابێت

 

بەپێی ڕوونکردنەوە و ئاگادارییەکی تایبەت بە پرۆسەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ، پێویستە جوتیاران پێشوەختە لەڕێگەی لینکێکی ئەلیکترۆنییەوە کە لە داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە خۆیان تۆمار بکەن بۆ سەرەگرتن

 

 

هەروەها ئاگاداری جوتیاران دەکرێتەوە کە ئەگەر پابەندی ئەو بەروارە نەبن کە بۆیان دیاریدەکرێت، ئەوا مافی ڕادەستکردنی گەنمەکانیان دەفەوتێت

 

لە بەشێکی دیکەی ڕێکارەکاندا هاتووە، نابێت هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر پلێتی زیادەی لە بۆدییەکەیدا دابێت بەمەبەستی بەرزکردنەوەی، بەپێچەوانەوە گەنمەکەی لێ وەرناگیرێت

 

 

هاوکات پێویستە سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و تڕاکتۆرانەی گەنم بۆ سایلۆکان دەگوازنەوە تابلۆی تۆمارکردنیان (ژمارەیان) پێوەبێت، ئەگەرنا ڕێگەی چوونە ژوورەوەیان پێ نادرێت

 

هەر لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری (قەلاب) بن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بارەکانیان هەڵڕێژن، هەروەها داواش لە شۆفێری بارهەڵگرەکان کراوە لە ڕۆژی سەرەکەیاندا بە یەک ڕیز بوەستن و نەبنە هۆکاری دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ.

228 جار خوێندراوەتەوە