عالیە نسەیف: هەرێم 10٪ی داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا دەکات

KNN : Kurdish News Network
01:35 - 09/06/2026
عێراق
+
-

عالیە نسەیف، پەرلەمانتاری عێراق ڕایدەگەیەنێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک مووچەی فەرمانبەرانی ناوەند و پارێزگاکانی دیکە هێڵی سوورە، بەڵام عێراق بە قەیرانێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت و هەرێمی کوردستانیش تا ئێستا تەنها 10٪ی داهاتە نانەوتییەکانی ڕادەستی بەغدا کردووە.

 

لە وەڵامێکدا بۆ لێدوانێکی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عالیە نسەیف لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی عێراقییەکان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن، بۆیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەرجەم بەرپرسانی یاسادانان و جێبەجێکردن لە پڕۆسەی سیاسییدا هێڵی سوورە. بەڵام لە ئێستادا وڵات لەبەردەم قەیرانێکی داراییدایە کە لە ساڵی 1921ـەوە هاوشێوەی نەبووە.

 

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردەوە، زیاتر لە شەش مانگە نەوت هەناردە نەکراوە کە تاقە سەرچاوەی ئابووریی عێراقە، بۆیە لەم قۆناغەدا پشتیوانی دارایی یەکتر پێویستییەکی حەتمییە. دەشڵێت: "لە کاتێکدا یاسای بودجە و ڕێککەوتنی سیاسی هەیە بۆ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بە ناوەند، بەڵام تا ئێستا ئەوەی ڕادەستکراوە تەنها 10٪ی ژمارە ڕاستەقینەکان پێکدەهێنێت."

202 جار خوێندراوەتەوە