گەر گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئوتومبیل و خانوو کە تەحویل و گواستنەوەی خاوەنداری پێناکرێت بۆچی دەکرێت؟

گەر گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئوتومبیل و خانوو کە تەحویل و گواستنەوەی خاوەنداری پێناکرێت بۆچی دەکرێت ؟ سوودی چیە ؟ 

ئەمە ڕەنگە پرسیاری زۆربەمان بێت ، بە کورتی وەڵامەکەی بە زمانێکی سادە بۆ ئێوە ئەوەیە : 

1-تا بەڵگە بێت لەسەر دروستبونی مامەڵەکە بە شێوەیەکی عورفی بەو جۆرەی لە بازاڕ دا هەیە . 

2-بەڵگە بێت لەسەر بابەتی تسلیم کردن و پێدانی پارەکە لەلایەن کڕیار بۆ فرۆشیار و لە دواییش دا گەر تەحویل نەکرا ئەم گرێبەستە بەڵگەیە کە پارەی وەرگرتوە فرۆشیار و دەبێت بیگێڕێتەوە . 

3- گرێبەستی نوسینگە و پێشانگاکانی ئوتومبیلیش بە یاسای دلالە و سمسرە ڕێکخراون کە تایبەتن بە کاری نێوەندگیری و “ دەڵاڵی “ لە نێوان کڕیار و فرۆشیار و بەیەک گەیاندنیان . 

4 - گرێبەستەکان گرنگن بۆ لایەنی ئەمنی و پارستنی ئەمن و ئاسایش لە کاتێکدا لە کاتی هەر گرێبەستێک دا بە تایبەت عقارات وێنەی دەچێتە ئاسایش و ڕەزامەندی ئەمنی بۆ کەسی کڕیار وەرنەگیرێت مامەڵەکە دروست نابێت ! 

5- ئەم گرێبەستانە جۆرێک لە استقراری معاملات دەهێنێتە کایەوە بەتایبەت کاتێک کەسی فرۆشیار دوای واژووکردنی ئیدی وەک متمانە و ڕێز پابەندی دەبێت و موڵکەکەی یان ئوتومبیلەکەی بە کەسی دیکە نافرۆشێت . 

6- سەرەڕای ئەوەی گەر خانوو یان ئوتومبیلەکە تەحویل نەکرا لەبەر ئەوەی ئەم گرێبەستانە پێچەوانەی یاسای مدنی و تۆماری خانوبەرەن لە عقارات دا و پێچەوانەی یاسای هاتوچۆن لە ئوتومبیل دا باطلن بەڵام دەکرێت داوای گەڕانەوە بۆ باری پێش گرێبەستەکە بکەین و داوای وەرگرتنەوەی پارەکە بکەین لە کەسی فرۆشیار لە کاتی تحویل نەکردن دا . 

7-جگە لەوەی کاری نوسینگەکانی عقارات وە پێشانگاکانی ئوتومبیل وە کاری چەرچی و دەڵاڵی بۆتە پیشەی خەڵکانێکی زۆر و ئەرکی دروستبونی مامەڵەکان دەگرنە ئەستۆ و ئەمەش گرنگە بۆ جوڵەی بازاڕ . 

* بەڵام لەهەموی گرنگتر کە خاڵی لاوازی ئەم گرێبەستانەیە ئەوەی تحویلی موڵک و ئوتومبیلی پێناکرێت لە چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت وەک داوای تملیک لە موڵک دا ، بەڵام سەبارەت بە ئوتومبیل ئەوەشی پێناکرێت ! بەڵام لە عێراق گرێبەستی پێشانگاکان دوای سی ڕۆژ لە کردنی گەر خاوەن سەنەوی ئەتومبیل تحویلی نەکرد بە داوای یاسایی دەکرێت بە ناوی کڕیار ئەویش ئەوان یاسای هاتوچۆیان هەموارکردوە بۆ ئەم بابەتە بەڵام لە هەرێم وا نیە ! و بە داوای یاساییش تحویلی پێناکرێت ! 

پارێزەر 
شاڵاو ابوبکر علی 
8/6/2026

604 جار خوێندراوەتەوە