وەزارەتی دارایی هەرێم بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی بۆ سیستەمی بەڕێوەبردن بەدەستهێنا

KNN : Kurdish News Network
08:56 - 09/06/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی (ISO 9001:2015)ی لە بواری سیستەمی بەڕێوەبردن بەدەستهێنا، وەزیری دارایییش ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی چەسپاندنی شەفافیەت و نەهێشتنی ڕۆتینە

 

لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەڕێوەچوو، بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی بەخشرایە دیوانی وەزارەتی دارایی

 

 

وەزیری دارایی لەمیانی ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند؛ ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەت ببنە خاوەنی ئەو بڕوانامەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە هاوتایە لەگەڵ بەرنامەی چاکسازیی حکومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ئیداری و دارایی لە سەرجەم کایەکاندا

 

وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتەکەی و ڕوونیکردەوە، کاراکردنی ڕۆڵی چاودێری و پشکنینی دارایی، چاودێریی گومرگی، و جێبەجێکردنی چەندین سیستەمی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی، بەتایبەت دامەزراندنی سیستەمی (KFMS) بۆ کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییە ناپێویستەکان، بەشێکن لە هەوڵەکانی بەدامەزراوەییکردنی وەزارەت

 

لای خۆیەوە، سۆران شەوکەت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (IQDC) باسی لە گرنگیی بەدەستهێنانی بڕوانامەکە کرد و ڕایگەیاند، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی دیوانی وەزارەتی دارایی بە پێوەری ستانداردی جیهانی پێشکەش دەکرێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوە و نەهێشتنی ڕۆتین

 

بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە، کە سیستەمێکی نێودەوڵەتییە بۆ باشترکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، بەرهەمی هەوڵەکانی ستافی دیوانی وەزارەتی داراییە کە بە پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی و تیمەکانی دڵنیایی جۆری، بەبێ هیچ تێچوویەکی کۆمپانیا دەرەکییەکان بەدەستهاتووە.

 

 

93 جار خوێندراوەتەوە