بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48
کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە،
بەڵام سبەینێ سێشەممە دووبارە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
بەپێی
پێشبینییەکانی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان
زۆربەی کاتەکان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵەهەوری جیاجیا. هەروەها پلەکانی
گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەبڕی دوو بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە. خێرایی
با لەنێوان 5 بۆ 15 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و مەودای بینینیش لەنێوان 8 بۆ 10
کیلۆمەتر دەبێت.
سەبارەت بە
کەشوهەوای سبەینێ سێشەممە، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە
ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد
بە ئەمڕۆ بەبڕی دوو بۆ سێ پلە بەرز دەبنەوە، بەشێوەیەک لە گەرمیان بەرزترین پلەی
گەرما دەگاتە 40 پلەی سیلیزی و لە حاجی ئۆمەرانیش نزمترین دەبێت کە 25 پلەیە.
85 جار خوێندراوەتەوە