سوپای تورکیا لە ئامێدی پشکنین بۆ هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دەکات

KNN : Kurdish News Network
04:27 - 09/06/2026
کوردستان
+
-

ئەندامێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمەریکی ئاشکرای دەکات، سوپای تورکیا لە بازگەیەکدا لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لە قەزای ئامێدی، پشکنین بۆ ئۆتۆمبێل و ناسنامەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق دەکات و زانیارییەکانیان لای خۆی تۆمار دەکات

 

کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی (سی پی تی) ئەمەریکی ڕایگەیاند؛ هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بارەگایەکی سەربازییان لە گوندی سیدا لە سنووری ناحیەی شێلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی هەیە، بەڵام لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان یان تێپەڕبوونی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان، لەلایەن بازگەیەکی سوپای تورکیاوە ڕادەگیرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێت

 

بازگەکەی سوپای تورکیا دەکەوێتە سەیرانگای ئاڤا مارک لە گەلی ڕێکان، کە بە قووڵایی 19 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندایە و لە ساڵی 2021ـەوە بەتەواوی کۆنترۆڵی سەربازیی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی سوپای تورکیادایە. هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقیش بۆ گەیشتن بە بارەگاکەیان دەبێت بەو بازگەیەدا تێپەڕ ببن

 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی (سی پی تی)، لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە هەموو جارێک سەربازانی تورکیا ئۆتۆمبێلەکانی پاسەوانی سنوور دەپشکنن و دوای تۆمارکردنی ناسنامەکانیان، ئینجا ڕێگەیان پێدەدەن بچنە ناو بارەگاکانی خۆیانەوە

 

147 جار خوێندراوەتەوە