ترەمپ: گەمارۆی ئابووری بەسەر ئێراندا لە بژاردەی سەربازی باشترە

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 09/06/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیوادارە وڵاتەکەی بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران کە لە ڕێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما باشتر بێت و جەختیشی کردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بیرۆکەیەکی ڕوونی بۆ چۆنیەتی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران هەبێت.

 

لە لێدوانەکانیدا، ترەمپ ڕوونیکردەوە کە سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر ئێراندا لە بژاردەی سەربازی باشترە بۆ ئەمریکا، ئامانجی سەرەکی واشنتۆنیش ئەوەیە ئێران بەتەواوی لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بێبەش بکات.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی کرد کە گرژییەکانی ناوچەکە بەرەو هێوربوونەوە بچن، بەو پێیەی هەردوو لایەنی ململانێکان لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتوون. سەبارەت بە ئیسرائیلیش وتی: "لۆمەی ناتانیاهۆ ناکەم، چونکە ئیسرائیل ڕووبەڕووی بۆردومان بووەتەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەشم لەگەڵیدا زۆر باش بوو."

 

لە کۆتاییدا، ترەمپ دڵنیایی دا لەبارەی ڕەوشی تەندروستی ئەو دوو فڕۆکەوانەی کە کۆپتەرەکەیان لە نزیک گەرووی هورمز کەوتبووە خوارەوە و ڕایگەیاند کە هەردووکیان سەلامەتن.

63 جار خوێندراوەتەوە