لە نێوان تارماییەکانی کیسنجەرو مەکگورکدا: ریفۆرمی سیاسی لە کوێوە؟‌‌

لاوک سەلاح
19/11/2017

بەراوردە سیاسییەکان (٧٧)

لە نێوان تارماییەکانی کیسنجەرو مەکگورکدا: ریفۆرمی سیاسی لە کوێوە؟

١. دواجار مەکگورک هاتەوە و بە تاقە نامەیەک هەمووانی لە پۆستەکانی خۆیاندا هێشتەوە، هەر وەک ئەوەی هیچ نە قەومابێت و دونیا وەک جاران ‌هێوربووبێتەوە. ئەوان شەر دەکەن، دەجەنگن، یەکتر دەکوژن، یەکتر تێکدەشکێنن، یەکتر دەکرمێنن، بەڵام دواجار دادەنیشنەوە، دەستدەخەنەوە یەک و ئەملاو ئەولای یەکتر ماچ دەکەن بە ناوی ئەوەی ئەمە سیاسەتکردنە دەبێت دۆراندن قبوڵ بکەیت یەکتر ئاشتدەکەنەوە، هەرچەندە کەسیان ئەویتریان خۆش ناوێت، ئەمە بە سادەکردنەوەی هەموو کێشە چارەنووسازەکانە بۆ ئەوەی لە پۆست و پلەو پایەدا بمێننەوە، بەڵام ئێمە، ئێمەی خەڵک وهاوڵاتی وەک دەرئەنجامی تەخوینکردن و جنێودان و دوژمنایەتی ئەبەدی، بێ ئاگا لە بنەما سەرەکییەکانی جەنگەکە، هاورێکانمان و دۆستەکانمان و خوشک و براکانمان بۆهەتا هەتایە لە دەستدەدەین و بەزەحمەت یەکتر ئاشتدەکەینەوە، هەر بۆیە ئێوە بەهایەک بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی ناهێڵن. ئێوە کۆمەڵگەیەک کەرت دەکەن، دەبنە مایەی ئەوەی ئێمە خۆمان و کەسەکانمان بدۆرێنین، ئێوە بێ باک و کوێر لە بەردەم بەرپرسیاریەتی مێژوودا ئێمە سەرگەردان دەکەن بە هەموو ئەو دەردانەی بۆ ئێمە بەجێی دەهێڵن هەر لە نەبوونی و جەنگە بەردەوامەکان و کوشتن و بڕین وقاش قاشکردنی کۆمەڵگەوە. ئێمەی خەڵک یان هاوڵاتی یان هەڵگری هەر ناوێک و سیفەتێکی دیکەبین نازانین موڵکی کێین؟ لە نێو بەرداشەکانی ئێوەدا هارە دەکەین و بەئاگانین؟ بە ناوی ئێمەوە سەرکێشییەکانی خۆتان رادەگەیەنن و دەبێت ئێمە دوای سێبەرتان بکەوین، بە ناوی ئێمەوە شەرعیەت مۆنۆپۆل دەکەن و دەبێت ئێمە چەپڵە لێبدەین، بەناوی ئێمەوە نوێنەرایەتیمان لە بەردەم هەموو دونیادا دەکەن بەبێ ئەوەی ئێمە مافی ئەوەشمان هەبێت بڵێین لە ژوورەوە باسی چیتان کرد. ئێوەیەک کە لە خەزان و پاییزی تەمەنی سیاسیدان بۆ بە ویژدانەوە ئاورێک بە تورەی لە رابردوو خۆتان نادەنەوە. سەیرە هەمان ئەو گروپ و تاقم و نوێنەرانەی کە دوێنی ئێمەیان بەرەو خەرەند برد، هەر خۆیانن سەرلەنوێ کۆدەبنەوە و دەبنەوە بەدەمراستی ئێمە، لە هەڵەکاندا هەر ئێوە راستن و لە راستیدا هەر ئێوە پاڵەوان، نەمریی هەر بۆ ئێوە و سرینەوەی مێژوویەکی راستەقینەش بۆ ئێمە.

بەنامەیەکی مەکگورک لە شوێنی خۆتان مانەوە، هەرچەندە دەزانم، شەکەتن و وزەی ئەوەتان نییە سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە. بەراست کوا پلانەکانی پیادەکردنی حکومەتی ئەلکترۆنی؟ ئەرێ کوا ئەنجامەکانی کۆنفراسەکانی دەرەوەی وڵات کە بۆ نەوت دەگیرا؟ کوا سیستمی بایۆمیتری؟ کوا پەیمانەکانی بانکی نێودەوڵەتی؟ کوا ریفۆرمە ئیدارەییەکان؟ ببورن ئێوە لە وشەی ریفرۆم زۆر دەترسن هەربۆیە لە ئەدەبیاتی حکومی و سیاسیدا خۆتانی لێ لا دەدەن. 

بۆ ئەوەی ریفرۆمی سیاسی بکەیت دەبێت سەرلەنوێ پەیمانێکی شەرەفمەندانە بە هاوڵاتی بدەیت کە ئەگەر کارەکانت بە مەبەست نەگەیاند رێ بۆ خەڵکی دیکە چۆڵ بکەیت، دەبێت لە ناو ئەو دەستورە لەعنەتییەی کە نە لە عێڕاق و نە لە کوردستان هەیە رۆحێکی ئەهریمانە لەناو ئەو یاسا وماددە مردووانەدا بچێنیت، دەبێت ئەخلاقی یاسا و مرۆڤ دۆستی پیادە بکەیت، ریفۆرم بە گۆرینی دروشمەکان و قاوغ و دیکۆر و هەیکەلی شتەکان نایەتەکایەوە، چی لە حکومەتی نیشتمانی بکەم ئەگەر کەس نەزانیت لە کوێوە دەسپێدەکەین وکێ دەیکات و هەر هەمان دەمووچاوەکانی زیاتر لە پەنجا ساڵەی رابردوو بەرێوەی دەبات. ریفۆرمی سیاسی واتە هەڵتەکاندنی دەستوور، ئەو دەستوورە مردووەی کە کەس جێبەجێی نەکرددوە و نایکات بەڵام لە بێ دەستەڵاتیدا پەنای بۆ دەبەنەوە، دەستوورێک کە رۆلی هاوڵاتی تیا نەبێت بێ بەها و بوونە، دەستوورێک کە ئیرادەی سیاسی نەبێت هەرگیز نابێتە بنەمای ریفۆرمی سیاسی. 

٢. ریفۆرمی سیاسی لە هەڵتەکاندنی سیستمی دەنگدانەوە دێت. دەنگدان گەمێی کۆڵان و گەرەک و گرۆپ نییە، دەنگدان سەرەتایی پلاندانان و بە ئامارکردنی وڵاتە. دەبێت ریفرۆمی سیاسی سیستمی دەنگدان لە هەرەشە و چاو سوورکردنەوە بپارێزێت، ئەمە پیاوی خۆی دەوێت بۆ ئەوەی ئاستی رەفتارکردن بەرزبکاتەوە.

٣. ریفۆرمی سیاسی هەڵتەکاندی بونیاتی پارتی سیاسییە، ریفۆرمکردنی پەیوەندییە ئاسۆییەکان و شاقووڵیەکانێتی، هێنانەکایەی ریفۆرم بۆ بەسنووردارکردنی بەرژوەوەندیییە ئابووریەکان و رێکخستنی دەستەڵاتە سیاسییەکانە بۆ ئاییندە و بەرجەستەکردنی میکانیزمێکە بۆ ئەوەی سەرمایەکانی نیشتمان بۆ هەمووان بێت وسزا لە کاتی پێشێلکردنی یاسا زیندووەکاندا بەرهە موومان بکەوێت.

٤. ریفۆرمی سیاسی شەرەفمەندانە پێداچوونەوەیەکی رادیکالانەیە بە بونیادی حکومەت و داماڵینیەتی لەو "ئاوساوییەی" کە لە مێژە حکومەتیان پێ سووک کردووە بە ئامانجی دەستەمۆکردنی کەسە نزیکەکانی خۆیان و بە پاساوی دۆری جیاواز جیاوازەوە.

٥. ریفۆرمی سیاسی سزادانی خیانەتی نیشتمانیی و سەروەری وئاسایشی نەتەوەیی میللەتێکە، نابێت ریفۆرم لە لایەن چەند کەسێکەوە و بەناوی نەوەی نوێەوە لە هەر بەرەیەکدابن بقۆزرێتەوە بۆ مەرامی تایبەتی چەند کەسێک کە لە ئاستی بەرێوەبردن و ئیدارەداندا نەبن، هەموو ریفۆرمێک ریفۆرم نییە، زۆریان سەرگەردانییە و هەموو گۆرانکاریەکش نارژێتە هێنانە دی ریفۆرمێکی شەرەفمەندانەوە.

ئایا گوێ دەگرن... نەوەک گومانم هەیە، دڵنیام نەخێر!!

وتاری زیاتر