گۆڕان داوای چی دەکات‌و پارتی‌و یەکێتی چی دەکەن (ئەڵقەی٣)‌‌

د. شۆڕش حاجی
19/11/2017


کەرکوک‌و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان

روبەری ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکانی کوردستانی باشور لە روبەری سنوری ئێستای هەرێمی کوردستانی عیراق زیاترە. سەرکردایەتی پارتی‌و یەکێتی لە دوای روخانی رژێمی صدام‌و هەڵوەشانەوەی هەمو دامودەزگا هەواڵگری‌و سەربازی‌و حیزبییەکانی دەوڵەتی عیراق نەیانتوانی کەرکوک‌و شەنگال‌و دوزو ناوچە کوردستانیەکانی تر بگێڕنەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها رازی بون چارەنوسی ئەو ناوچانە بخرێتە دوتوێی مادەی پەنجاو هەشتی قانونی حوکم‌و دواتر مادەی سەدو چلی دەستوری هەمیشەیی عیراق. ئەمە لە کاتێکدا کە مادەی سەدو چل تەنیا بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کەرکوک‌و ناوچە کوردستانیەکان نیە بەڵکو، بۆ چارەسەری کێشەی سنوری ئیداری چەندین شارو ناوچەیە لە سنوری پارێزگاکانی بەغداو بابل‌و نەجەف‌و دیالەو سەڵاحەدین‌و ئەنبار.

لەو کاتەوەی کەرکوک‌و زۆربەی ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان لە ژێر دەسەڵاتی کوردا بون

• ئێمە داوامان کرد پارتی‌و یەکێتی ئیدارەو حوکمی رەشید لە کەرکوک‌ پەیڕەو بکەن‌و سەرو سامانی هەمو پێکهاتەکان بپارێزن تاکو بتوانن نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی نیشانی هەموان بدەن. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی نادادپەروەری‌و پێشیلکردنی یاساو داگیرکردنی موڵکوماڵی خەڵک‌و لێنەپرسینەوەو تۆقاندن‌و دو ئیدارەو دو پۆلیس‌و دو ئاسایش‌و دو سیستمی پەروەردەو موچەیان لەوێ پیادەکرد.

• ئێمە داوامان کرد پارتی‌و یەکێتی لە بەغدا، کە چەندین پۆستی سیادی‌و باڵایان هەبو، پێداگری بکەن لەسەر جێبەجێکردنی قۆناغەکانی مادەی سەدو چل. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی لە بەغدا تەنیا لە خەمی بەدەسهێنانی پارەو بودجەو پلەو پۆستەکانی خۆیان بون.

• ئێمە داوامان کرد پارتی‌و یەکێتی بودجەیەکی پێویست لەو هەمو پارە زۆرەی کە لە پشکی بودجەی هەرێم‌و داهاتی ناوخۆ دەستیان دەکەوت، تەرخان بکەن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی مادەی سەدوچل‌و قەرەبوی عەرەبە هاوردەکان بکەنەوە تاکو کەرکوک جێبهێڵن‌و سەرژمێری بەقازانجی کورد کۆتایی بێت. لە بەرامبەردا پارتی‌و یەکێتی داهات‌و سامانی هەرێمی کوردستانیان تاڵان دەکردو چاویان لەوەبو عەرەبە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا بودجە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کەرکوک تەرخان بکەن!

• ئێمە داوامان کرد لە ئیدارەدانی شاری کەرکوکدا پێکهاتەکانی تری کەرکوک (عەرەبی رەسەن‌‌و تورکمان‌و کلدۆئاشوری) بکرێن بە شەریک‌و هاوبەش‌و مافەکانیان بپارێزن تاکو متمانەیان بە کورد هەبێ‌و هەست بکەن مافەکانیان لەلایەن کوردەوە پارێزراوە. بەمەش رازی دەبون بهێنرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەردا پارتی‌و یەکێتی پۆست‌و دەسەڵات‌و ئیمتیازاتەکانیان تەنیا بۆ خۆیان قۆرخکردو پێکهاتەکانی تری کەرکوکیان پەراوێز کردو زەوی‌وزارو خانوو دوکانەکانیان داگیر دەکردن.

ئەو سیاسەتە شکستخواردوەی دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی لە کەرکوک‌و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان وایانکرد پێکهاتەکانی تری ئەو شارو ناوچانە لە روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو دواتردا نەک هەر پشتیوانی لە کورد نەکەن بەڵکو، هەست بکەن بە نەمانی دەسەڵاتی کوردی رزگاریان بوەو مافەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە. هەر بۆیە لە ئێستادا ئومێدی گێڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ باوەشی کوردستان لاوازتر بوەو ئۆباڵی ئەم شکستە نەتەوەییەو ئەم حاڵەتە نەخوازراوەش لە ئەستۆی پارتی‌و یەکێتیدایە.

وتاری زیاتر