وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا داوای‌ دانبه‌خۆداگرتن ده‌كات له‌ عه‌فرین‌

20/01/2018
وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ روسیا: رێوشوێنمان گرتوه‌ته‌ به‌ر بۆ پاراستنی‌ سه‌ربازه‌كانمان له‌ عه‌فرین

‌ ‌ روسیا سه‌باره‌ت به‌ دۆخی‌ عه‌فرین، داوا له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات دان به‌خۆیاندا بگرن و  پاراستنی‌ یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ سوریاش به‌پێویست ده‌زانێت، وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریش ده‌ڵێت: رێوشوێنیان گرتوه‌ته‌ به‌ر بۆ پاراستنی‌ سه‌ربازه‌كانیان.

وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگه‌رانیی‌ ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ بۆردومان ‌و له‌شكركێشیی‌ سوپای‌ توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنی‌ عه‌فرین له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان.

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی‌ مۆسكۆ له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كاندایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتییانه‌ ‌و پاراستنی‌ یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ سوریا ‌و سه‌روه‌رییه‌كانی‌.

داواشی‌ له‌ لایه‌نه‌كان كردوه‌، دان به‌خۆیاندا بگرن ‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان، پشت به‌ بڕیاری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ببه‌ستن.

هاوكات وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ روسیا ئاشكرایكرد، فه‌رمانده‌یی‌ هێزه‌كانیان له‌ سوریا، هه‌موو رێوشوێنێكی‌ پێویستیان گرتوه‌ته‌به‌ر، به‌ ئامانجی‌ پاراستنی‌ گیانی‌ سه‌ربازه‌كانیان له‌ كانتۆنی‌ عه‌فرین.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ر ئیستیفزازكردنێكی‌ چاوه‌ڕوانكراو، هێزه‌كانیان له‌ سنوری‌ عه‌فرینه‌وه‌ گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی‌ ته‌لره‌فعه‌ت.



تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر