دوو شاره‌زای‌ كاروباری‌ هه‌رێم هۆشیاری‌ ده‌ده‌ن له‌ به‌هاری‌ كوردی‌‌

19/01/2018
یوست هیلته‌رمان ‌و ماریا فانتاپی‌ وتارێك له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

‌ ‌ دوو شاره‌زای‌ كاروباری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هۆشیاری‌ ده‌ده‌ن له‌ ئه‌گه‌ریی‌ به‌هارێكی‌ كوردی‌ دوای‌ حه‌وت ساڵ له‌ راپه‌ڕینی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌لایه‌ن لاوانی‌ توڕه‌و نائومێدی‌ كوردستانه‌وه‌، كه‌ به‌په‌رۆشن بۆ سزادانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم له‌پای‌ هه‌ڵه‌ مێژوییه‌كانیان ‌و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی‌ سیاسی‌ ‌و گه‌نده‌ڵی‌.

باشترین رێگا بۆ دروستكردنی‌ ده‌وڵه‌ت له‌جیاتی‌ پشتبه‌ستن به‌ده‌ره‌وه‌، ئه‌نجامدانی‌ ریفۆرمی‌ سیاسیه‌ له‌ناوخۆ. ئه‌مه‌ وته‌ی دوو نوسه‌ری جیهانیه‌ بۆ دۆخی هه‌رێمی كودرستان و هۆشیاری‌ ده‌ده‌ن له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ریفۆرم نه‌كرێت ئه‌وا حه‌وت ساڵ دوای‌ راپه‌ڕینی‌ عه‌ره‌ب، ده‌سه‌ڵاتداران روبه‌ڕوی‌ به‌هاری‌ كوردی‌ ده‌بنه‌وه‌.

له‌ راپۆرتێكی‌ هاوبه‌شدا سه‌باره‌ت به‌ خه‌ونی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ كه‌ له‌ ژماره‌ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ گۆڤاری‌ فۆرین پۆلیسی ئه‌مریكیدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، یوست هیلته‌رمان ‌و ماریا فانتاپی‌ كه‌ دوو شاره‌زای‌ كاروباری‌ كوردن نوسیویانه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم زۆر باسله‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ بونه‌ته‌ ناوه‌ندێكی‌ دیموكراسی‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سه‌ركوتكاری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌چی‌ له‌ راستیدا وانییه‌. دوای‌ روخانی‌ سه‌دام حسێن، هه‌ردوو پارتی‌ سه‌ره‌كی‌ كوردی‌-پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ ‌و یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانی جه‌لال تاڵه‌بانی‌ كاریان نه‌كردوه‌ بۆ دروستكردنی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ یاسایی‌ ‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئابوری‌ جۆراوجۆر له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ پاره‌ی‌ نه‌وتیان به‌كارهێنا بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن ‌و خێزانه‌كانیان ‌و كادیرانی‌ پارته‌كانیان.

له‌ راپۆرته‌كه‌یاندا ده‌ڵێن: هێرشی‌ داعش له‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 ره‌وشه‌كه‌ی‌ خراپتر كرد. كه‌ بواری‌ ئه‌وه‌دا به‌ بارزانی‌ په‌رله‌مان دابخات ‌و مانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم درێژبكاته‌وه‌. حوكمی‌ كه‌سه‌كانی‌ ناو پارته‌كان جێی‌ حوكمی‌ پارته‌كانی‌ گرته‌وه‌. به‌ره‌ی‌ پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش له‌ لایه‌ن پارتی‌ ‌و یه‌كێتیی‌ كۆنترۆڵكرابوو، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی‌ ‌و سه‌ربازی‌ ‌و بازرگان فه‌رمانده‌یی‌ ده‌كران، كه‌ له‌ سه‌ركرده‌ی‌ حیزبه‌كانه‌وه‌ نزیكبوون یان په‌یوه‌ندی‌ خزمایه‌تیان هه‌بوو.

هه‌ردوو نوسه‌ر ئه‌ڵێن، وه‌زیره‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵاتیان كه‌متربوو له‌ لێپرسراوانی‌ پارتی‌ ‌و یه‌كێتیی‌ له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كاندا. مه‌سرور بارزانی‌ كه‌ كۆنترۆڵی‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ كردووه‌ له‌ ململانێی‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ ئامۆزای.

سه‌باره‌ت ریفراندۆم، ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، كه‌ مه‌سعود بارزانی‌ دوو هه‌ڵه‌ی كردووه‌. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو بارزانی‌ پێشبینیده‌كرد ئه‌مریكا پشتیوانی‌ بكات له‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی و پێیوابوو ئه‌مریكییه‌كان هه‌رێم وه‌كو هاوبه‌شێكی‌ پشتپێبه‌ستراو له‌به‌رامبه‌ر خواسته‌كانی‌ ئێران له‌ ناوچه‌كه‌  قبوڵده‌كه‌ن.

هه‌ڵه‌ی‌ دووه‌می‌ بارزانی ئه‌وه‌بوو، كه‌ پشتیوانی‌ خۆرئاواو داهاتی‌ نه‌وت وایلێكرد پشت بكاته‌ سازانی‌ ناوخۆیی‌. به‌ جۆرێك پێیوابوو ماده‌م ئه‌و پشتیوانییه‌ی‌ هه‌یه‌ ‌و داهاتی‌ نه‌وتی‌ له‌ده‌ستدایه‌ پێویستی‌ به‌ڕێككه‌وتنی‌ ناوخۆیی‌ نابێت. به‌جۆرێك هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد ئه‌گه‌ر سلێمانیشی‌ له‌گه‌ڵ نه‌بێت ئه‌وا سه‌ربه‌خۆیی‌ له‌ دهۆك ‌و هه‌ولێر ‌و ده‌شتی‌ نه‌ینه‌وا راده‌گه‌یه‌نێت.

واشنتۆن كه‌ دژایه‌تی‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی‌ سنور ده‌كات له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ‌و هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ به‌غدا لاواز بكات ‌و ئه‌وه‌شیان به‌ئاشكرا وتبوو، هیچ هه‌نگاوێكی‌ نه‌نا كاتێك زانی‌ كه‌ عه‌بادی‌ رێككه‌وتنی‌ كردووه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌ره‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌ناو یه‌كێتی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی‌ كه‌ركوك. به‌مه‌ش سوپای‌ عێراق به‌ پشتیوانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌بێ‌ هیچ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ك پێشڕه‌وییان كرد.


تێبینی بنوسە

هه‌واڵی زیاتر